بەهۆی لافاوەوە زۆرترین زیان بەر دانیشتووانی شارەدێی شۆڕش کەوتووە
لە ئەنجامی ئەو شەپۆلە بارانبارینەی هەرێمی کوردستانی گرتەوە، لە چەندین ناوچە لافاو دروست بوو، هاوکات زیانی گیانی و ماددی لێکەوتەوە، یەکێک لەو ناوچانەی زۆرترین زیانی بەرکەوت، سنووری قەزای چەمچەماڵ بوو، بە تایبەتی شارەدێی شۆڕش.
هاوژین جەمال، پەیامنێری کوردستان24، ڕایگەیاند، لە سنووری قەزای چەمچەماڵ، زۆرترین زیان بەر هاووڵاتییانی شارەدێی شۆڕش کەوتووە، بە تایبەت دانیشتووانی گەڕەکی باوەییەکان، هاوکات بە هۆی سەختی بارودۆخی ژیان و زۆری زیانەکان، بەشێک لە دانیشتووانی ئەو ناوچەیە بە ناچاری لە گەڕەک و کۆڵانەکانی دیکە خانوویان بە کرێ گرتووە تاوەکو ئەو کاتەی گەڕەکاکانیان لە ئاو و قوڕ پاک دەکرێنەوە و دۆخی ژیان لەو ناوچانە ئاسایی دەبێتەوە.
لەمبارەیەوە هاووڵاتیەکی دانیشتووی گەڕەکی باوەیی لە شارەدێی شۆڕش بە کوردستان24ـی گوت: "من پێشمەرگەم، کاتێک لافاوەکە هاتووە من لە دەوام بووم، خەڵکی ناوچەکە فریای ماڵ و مناداڵەکەم کەوتوون و ڕزگاریان کردوون." لە بارەی زیانی ماددی ماڵەکەیەوە، گوتی، "هەرچی هەمبووە لە ناوچووە، ئەوەی ئێستا هەمبێت خێرخوازان بۆی دابین کردووین، خانووەکەشم نزیکەی ساڵێک دەبێت دروستم کردووە و تاوەکو ئێستا قەزری دروست کردنی خانووەکەم نەداوەتەوە، ئەوەتا دەیبینن لافاو ئەویشی وێران کردووە."
هاووڵاتیەکی دیکە ئاماژەی بەوە دا: "ڕۆژی ڕووداوەکە تەنها فریای ئەوە کەوتین خۆمان دەرباز بکەین، لەبەر مەترسی لافاوەکە نەماتوانیوە هیچ کەل و پەلێکی ماڵەوە بگوازینەوە بۆ شوێنێکی سەلامەت، ئێستا هیچمان بۆ نەماتەوە، بەڵام سوپاس بۆ خوای گەورە خۆمان سەلامەتین."
ئەمە لە کاتێکدایە، بەهۆی ئەو شەپۆلەی بارانبارینەی چەند ڕۆژێکە هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، لافاو لە سەنتەری قەزای چەمچەماڵ و دەوروبەری ڕوویدا و بەهۆیەوە دوو کەس گیانیان لە دەستدا و 12 کەسیش بریندار بوون. هاوکات زیان بە زیاتر لە 500 خانوو و دەیان فەرمانگە و قوتابخانەی سنوورەکە کەوت.
کەرتی پەروەردەش لەم کارەساتە بێبەش نەبوو؛ زیاتر لە 10 قوتابخانە لە سنوورەکە زیانیان بەرکەوت و پرۆسەی خوێندن تێیاندا بۆ ماوەیەک ڕاگیراوە.
بە ڕاسپاردەی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، 55 هەزار کتێبی نوێ بۆ قوتابخانەکانی سنووری پەروەردەی چەمچەماڵ دابین دەکات.
بەهای ئەو 55 هەزار کتێبە نوێیە بە نزیکەیی 70 ملیۆن دینارە و لەسەر بودجەی وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دابین کراون.
