ئێران.. قەیرانی ئابووری،  شیرەمەنی لە سەبەتەی خۆراکی هاووڵاتییان لا دەبات

بەرزبوونەوەی بێپێشینەی نرخی شیر لە هەفتەکانی ڕابردوودا، بووتە مایەی ئەوەی  زۆرێک لە خێزانەکان بەهۆی گوشارە ئابوورییەکان و بەرزبوونەوەی خەرجییەکان، چیدی توانای کڕینی شیرەمەنییەکان نەبێت. 

یەکشەممە، 14ـی کانوونی یەکەم 2025، ڕۆژنامەی (ئیتیلاعات) لە ڕاپۆرتێکدا نووسیویەتی"بەرزبوونەوەی خێرای نرخی شیرەمەنی لە هەفتەکانی ڕابردوودا، وایکردووە زۆرێک لەو خێزانانەی کە داهاتی جێگیريان هەیە، ناچار بن شیرەمەنی لە سەبەتەی خۆراکیان کەم بکەنەوە یان لای ببەن. ئەنجامی ئەم گوشارە ئابوورییە، بووتە هۆی گەڕانەوەی شیرە نەفرۆشراوەکان بۆ کارگەکان؛ دیاردەیەک، کە هەم خەڵکی تووڕە کردووە و هەم زەنگێکی مەترسیداری جدییە بۆ تەندروستیی کۆمەڵگە و داهاتووی بەرهەمهێنانی شیرەمەنی."

ئەم قەیرانە، کە بەهۆی کێشە جۆراوجۆرەکانەوە، لەوانە بەرزبوونەوەی تێچووی بەرهەمهێنان، ناسەقامگیریی نرخی ئالیکی ئاژەڵ و بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار دروست بووە، گوشارێکی زۆری خستووەتە سەر بودجەی خێزانەکان و ناچاریانی کردووە کەمتر ئەو بەرهەمانە بکڕن، یان بە تەواوی واز لە خواردنیان بهێنن.

بەپێی ئامارە فەرمییە بڵاوکراوەکان، پشکی ساڵانەی تاکێکی ئێرانی لە شیرەمەنی، لە نزیکەی 130 کیلۆگرامەوە لە ساڵی 2010ـ دا بۆ نزیکەی 55 کیلۆگرام لە ساڵانی ڕابردوودا دابەزیوە؛ واتە بە ڕێژەی  58%. لە هەمان کاتدا، وەزارەتی تەندروستی دەڵێت "ئێرانییەکان ئێستا نزیکەی 90 کیلۆگرام کەمتر لە پشکی جیهانی شیرەمەنی دەخۆن؛ کەلێنێک کە بەشێوەیەکی کاریگەریی لەسەر تەندروستیی گشتیی و پووکانەوەی ئێسک دەبێت و لە ساڵانی داهاتوودا ئەو کاریگەرییە بە ڕوونی دەردەکەوێت"

بەپێی دواین داتاکانی ناوەندی ئامار، نرخی شیرمەنی و هێلکە لە مانگی تشرینی دووەمی ڕابردوو تا ئێستا، بە ڕێژەی 48.6%ی زیادی کردووە..

لە هەمان کاتدا، بەدواداچوونە مەیدانییەکان لە فرۆشگاکانەوە دەری دەخەن سەرەڕای ئەوەی شیر و بەرهەمەکانی، لە کاڵا سەرەکی و پێویستەکانن بۆ بەکارهێنانی ڕۆژانە، بەڵام ئێستا کڕینیان لەلایەن خەڵکەوە زۆر سنووردار بووەتەوە. بە شێوەیەک کە خەڵک وەک جاران شیرەمەنی ناکڕن و فرۆشگاکان لە کۆتاییدا ناچار بوون شیرەمەنییەکان بگەڕێننەوە کارگەکان.

هاووڵاتییەک بە ئیتڵاعاتی گوت: پێشتر هەموو هەفتەیەک شیر، ماست و پەنیرمان دەکڕی، بەڵام ئێستا  ئەگەر زۆر پێویست بێت ئینجا شیر دەكڕین. نرخەکان ئەوەندە بەرز بوونەتەوە کە ناچارین دەستبەرداری خواردنی شیرەمەنی بین.

پیاوێکی بەتەمەن لەگەڵ منداڵەکەیدا هاتووەتە فرۆشگا، دەڵێت: مووچەی ئێمە جێگیرە، بەڵام نرخی خواردەمەنییەکان بە گشتی و  شیرەمەنی بە تایبەتی، هەموو هەفتەیەک زیاد دەکەن. کاتێک داهات و خەرجی ئێمە لەگەڵ یەکدا ناگونجێن، ناچارین چیتر شیرەمەنی نەخۆین."

محەمەد فەربود، وتەبێژی یەکێتیی بەرهەمهێنەرانی بەرهەمە شیرەمەنییەکان، دەڵێت: بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی زۆربەی خێزانە ئێرانییەکان داهاتی جێگیریان هەیە و مووچەکانیان ساڵانە، یەک جار زیاد دەکرێت، بەرزبوونەوەی نرخەکان بووەتە هۆی دروستبوونی ناهەوسەنگیی لە نێوان داهات و خەرجیدا.

بە گوتەی فەربود، بەردەوامیی ئەم دۆخە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی بەکارهێنانی شیرەمەنی لە کۆمەڵگەدا. ئەم بابەتە نەک تەنیا لە ڕووی ئابوورییەوە، بەڵکو لە ڕووی تەندروستیی گشتیی کۆمەڵەگەشەوە جێگەی نیگەرانییە.

 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل