لە هەرێمی کوردستان 8 کۆمپانیای دڵنیایی هەن

لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە هەشت کۆمپانیای دڵنیایی هەن، ئەم کۆمپانیایانە کاریان بیمە کردنی ئۆتۆمبێل و ماڵ و موڵکی هاووڵاتییانە، بیمەی تەندروستی، کەسی و چەندین جۆری بیمەی دیکە دەکەن، بەڵام تاوەکوو ئێستا هاووڵاتییان هۆشیارییەکی ئەوتۆیان لەبارەی ئەو کۆمپانیایانە نییە، یاخود متمانەیان پێیان نییە.

دڵنیایی یاخوود بیمە، کەسێک لە ڕێگەی کۆمپانیایەکی دڵنیایی دەیکات بۆ خۆی یاخود ئۆتۆمبێل و ماڵ و موڵکەکەی بۆ پاراستن لە هەر زیانێک و  قەرەبووکردنەوەی.

دوکاندارێکی هەولێر گوتی بە ناوی هەڵمەت ڕەئووف گوتی"بیمە زۆر گرنگە بۆ داهاتوو بە تایبەتی بیمەی تەندروستی، بۆ حاڵەتی نەشتەرگەری و تا ئێستا لێمان داوا نەکراوە بۆ دوکانەکانمان بیکەین."

هیوا فاتیح، دانیشتووێکی هەولێر گوتی: بیمەم نە بۆ خۆم و نە بۆ ئۆتۆمبێل و نە بۆ خانووەکەشم نەکردووە، هۆکاری سەرەکی ئەوەی هاووڵاتییان بیمە ناکەن بابەتی بێمتمانەییە بە کۆمپانیاکانی دڵنیایی، پێویستە حکوومەت پاڵپشتی ئەو جۆرە کۆمپانیایە بکات بۆ ئەوەی خەڵک بتوانێت متمانەیان پێبکات.

نەوزاد ئەمجەد، بەرێوبەری گشتی یەکێک لە کۆمپانیاکانی دڵنیایی بە کوردستان24ی ڕاگەیاند،  "فەرمانبەری لێهاتوومان هەیە ڕۆژانە دەچن و هۆشداری بە خەڵک دەدەن لە بارەی دڵنیایی."

نەوزاد ئەمجەد ئاماژەشی دا، زۆربەی ئەو بیمانەی دەیکەن، بریتین لە بیمەی ئۆتۆمبیل، بۆ نموونە ئەگەر نرخی ئۆتۆمبێلەکە 10 هەزار دۆلار بێت ساڵانە 350 دۆلار دەدات بە کۆمپانیای دڵنیایی و لە کاتی هەر ڕووداوێکی هاتوچۆ یاخود سووتان ئەوا کۆمپانیای دڵنیایی قەرەبووی دەکاتەوە. 

لە هەرێمی کوردستان هەشت کۆمپانیای گەورەی دڵنیایی و هەشت لقی کۆمپانیای دڵنیای هەن، بەسەر پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دا دابەش بوون و زۆرینەیان لە هەولێرن.

 بیمە یان دڵنیایی، لەو کۆمپانیایانە ئارەزوومەندانەیە بەڵام تا ئێستا هاووڵاتییان، کەمتر بیمە بۆ خۆیان و خێزانەکانیان و ماڵ و موڵکەکانیان دەکەن .

 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل