گواردیۆلا ئامادەنەبوو لەبارەی یارییەكەی ئەمڕۆ قسە بكات

كۆڵۆ تۆرێ لە جیاتی گواردیۆلا وەڵامی رۆژنامەنووسەكانی دایەوە

پێپ گواردیۆلا لەگەڵ كۆڵۆ تۆرێی یاریدەدەری لە مان سیتی
پێپ گواردیۆلا لەگەڵ كۆڵۆ تۆرێی یاریدەدەری لە مان سیتی

پێپ گواردیۆلا، راهێنەری یانەی مانچێستەر سیتی نەیتوانی لەبارەی یارییەكەی ئەمڕۆ قسە بكات، لە جیاتی ئەوە كۆڵۆ تۆرێی یاریدەدەری بەشداریی كۆنگرەی رۆژنامەوانی كرد و هۆكاری ئامادەنەبوونی گواردیۆلای ئاشكرا كرد.
ئەمڕۆ یەكشەممە، 14 دێسێمبەری 2025، لە گەڕی شازدەیەمی خولی نایابی ئینگلیزی یانەی مانچێستەر سیتی لە كاتژمێر 05:00 لە دەرەوەی یاریگەی خۆی رووبەڕووی كریستاڵ پاڵاس دەبێتەوە.
مان سیتی ئەم وەرزە دووجار توانیویەتی سێ یاریی بە دوای یەک براوە بووە، بەڵام نەیتوانیوە چوار جار بە دوای یەک براوە بێت، بۆیە بە بردنەوەیان لەم یارییە، بۆ یەکەمجار لەم وەرزە چوار یاریی لەسەر یەک براوە دەبن.
کریستاڵ پاڵاس لە شەش یاری رابردوو تەنها یەکجار بەرامبەر مان سیتی براوە بووە، ئەویش یاری کۆتایی جامی ئینگلاندی ئەم وەرزە بوو، کە ئەو یانەیە توانی یەکەم ناسناو لە مێژووی یانەکەی بباتەوە.
كۆڵۆ تۆرێ یاریدەدەری پێپ گواردیۆلای بەڕێوەبەری هونەری یانەی مانچێستەر سیتی، لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی پێش یارییەکە رایگەیاند، ئێرلینگ هالاند هاوشێوەی تیێری هێنری و ئالان شیرەرە و یاریزانێکی زۆر بە توانایە.
 كۆڵۆ تۆرێ، یاریدەدەری ئێستای پێپ گواردیۆلا رایگەیاند گواردیۆلا تەندروستی زۆرباشە و هیچ كێشەیەكی نییە و تەنیا سەرقاڵی هەندێك كاری تایبەت بە خۆی بووە.
كۆڵۆ تۆرێ، یاریزانی كۆتدیڤواری پێشووی یانەكانی ئارسێناڵ و مانچێستەر سیتی دەشڵێت: ئێستا من لە جیاتی گواردیۆلا لێرە لە شوێنی ئەوم. ئێرلینگ هالاند یاریزانێکی لێهاتووە و هاوشێوەی تیێری هێنری و ئالان شیرەر لە ریزی باشترینەکانە، ئەوەی من دەمەوێت لەبارەی هالاند بیڵێم، ئەو یاریزانێکە زیاد لە هێزی خۆی یاری دەکات، واتە ئەوەی لە توانایدا بێت بە زیادەوە دەکات. ئەو کەسێکی باوەڕپێنەکراوە و هێشتان کاتێکی زۆری لەبەردەمە بۆ پێشکەوتنی زیاتر، لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە کە گوێ لە ئامۆژگارییەکان دەگرێت، بەهۆی ئەوەی من پێشتر بەرگریکاری بوومە، پەیوەندیەکی باشم لەگەڵ بەرگریکارانی تیپەکەم هەیە، هەمیشە هەوڵ دەدەم هاوکاریان بکەم و پشتراست بم کە دەتوانن باشتر بن. رۆبن دیاز بەرگریکارێکی زۆر بە توانا و بە ئەزموونە و رابەرایەتی تیپەکەشمان دەکات، هیوادارم بۆ ئەم یارییە بتوانین ئاستێکی باش پێشکەش بکەین و سێ خاڵی یارییەکەش ببەینەوە.

 

 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل