5 هەڵەی ئارنی سلۆت وایكرد محەمەد سەڵاح بكاتە دوژمنی خۆی

محەمەد سەڵاح لە سەركردەی یەكەمی لیڤەرپوولەوە بووە نەیاری راهێنەر

ئارنی سلۆت راهێنەری لیڤەرپوول لەگەڵ محەمەد سەڵاح. 13 دێسێمبەری 2025
ئارنی سلۆت راهێنەری لیڤەرپوول لەگەڵ محەمەد سەڵاح. 13 دێسێمبەری 2025

ئەوەی ئێستا لە نێوان محەمەد سەڵاح و ئارنی سلۆتی راهێنەری لیڤەرپوول روودەدات بە تەواوەتی پەیوەندی بە لایەنی تەكتیكییەوە نییە، بەگوێرەی راپۆرتێكی شیكاری، ئارنی سلۆت ناداپەروەرانە پـڕی داوەتە سەڵاح و كوێرانە ئەستێرە میسرییەكەی بە تاوانباری یەكەمی ئەنجامە خراپەكانی سەرەتای ئەم وەرزە دەزانێت.
راپۆرتێكی رۆژنامەوانی پێنج هەڵەی راهێنەرە هۆڵەندییەكەی لیڤەرپوول لە مامەڵەكردن بەرامبەر محەمەد سەڵاح بڵاو دەكاتەوە:

 

1. شكاندنی یاسای راهێنەرایەتی

یاسای زێڕینی جیهانی ڕاهێنەرایەتی بریتییە لە: ستایشی گشتی، ڕەخنەگرتن بە شێوەیەکی تایبەت. بەڵام سلۆت بە ئاشکرا ئەم یاسایەی شکاند. ڕاهێنەرە هۆڵەندییەکە لەبری ئەوەی بە تەنیا قسە لەگەڵ سەڵاح بکات و بۆچوونی خۆی لەسەر لایەنی تەكتیكی پێ بڵێت، كەچی لە جیاتیان دوو رێگەی دیكەی هەڵبژاردە، یەكەمیان لە پشت دەرگا و ژوورە داخراوەکانەوە لابەلا لە شوێنەكان باسی محەمەد سەڵاحی دەكرد، پاشان لە كۆنگرەی رۆژنامەوانی باسی دابەزینی ئاستی محەمەد سەڵاحی كرد، ئەمەش دۆخی سەركردەی تیپەكەی بردە ئاستێكی دیكە.
ئەم قسەوقسەلۆكە نەک هەر سەڵاحی بریندار کرد بەڵکو لە بەردەم میدیاکان و هاندەرانیشدا خستیە دۆخێكی خراپ و وایكرد سەڵاح ناچار بێت بەرگری لە خۆی بكات.


2ـ پشتگوێخستنی تۆمارە مێژووییەکەی

سلۆت هەڵەیەکی گەورەی کرد کاتێک بڕیاریدا سەڵاح لە ڕوانگەیەکی زۆر تەسکەوە هەڵسەنگێنێت، راستە هیچ یاریزانێک لە سەرووی ڕەخنەکانەوە نییە، بەڵام مامەڵەکردن لەگەڵ گۆڵکاری مێژوویی لیڤەرپوول جیاوازە لەوەی لەگەڵ یاریزانێکی تازەپێگەیشتووی لاوانی یانەكە گفتوگۆ بكەیت، ئەوەی سلۆت كردی لوتكەی خراپ بەڕێوەبردن و مامەڵەكردن بوو، سەڵاح بە تەنیا گۆڵكاری هەموو سەردەمەكانی لیڤەرپوول نییە، بەڵكو لە رێزی چوار باشترین گۆڵكارەكانی مێژووی پرێمەرلیگە.
ڕاهێنەرێکی زیرەک ئەو کەسەیە کە سوود لە ئەزموونەکەی وەردەگرێت بۆ ئەوەی یارمەتیان بدات بۆ چاکبوونەوە، نەك بەهۆی دوو یاریی گومان لە ئاستی بكات و بیكاتە شەڕەقسە، ئەم پشتگوێخستنە وای لە سەڵاح کرد بەرگری لە خۆی بكات.

3- هەوڵێکی شکستخواردوو بۆ شکاندنی شكۆی سەڵاح

سلۆت بۆ شکاندنی ڕۆحی ئەستێرە میسرییەكە، لە دوایین پێنج یاری محەمەد سەڵاحی لەسەر كورسی یەدەگ دانا، سلۆت پێیوابوو بەم رێگایە دەتوانێت پیشانی بدات كەسایەتییەكی بەهێزی هەیە و دەتوانێت كۆنترۆڵی هەموو شتێك بكات، بەڵام پێچەوانەکەی ڕوویدا؛ یەدەگبوونی سەڵاح شتەکانی زیاتر ئاڵۆزتر کرد و گرژییەکانی زیاد کرد، پەیامێکی نەرێنی بۆ یاریزانە باڵاکانی تر نارد کە کەس سەلامەت نییە.
کاتێک سەڵاح وەک یاریزانی یەدەگ بەرامبەر برایتۆن هاتە نێو یاریگا و کاریگەری دەستبەجێی دروستکرد، سەڵاح بە پێیەکانی سەلماندنی ئەو چارەسەرە نەك كێشە.


4. ڕۆبۆتی تاکتیکی: کوشتنی داهێنان بە ناوی ڕێکخستنەوە
گەورەترین کێشەی سلۆت زیادەڕۆییكردنە لە تاكتیك،  ئەو دەیەوێت یاریزانەکان وەک یاری شەترەنج لەناو سیستەمێکی ڕەق و بەستوو بجوڵێنێت کە ڕێگە بە پێشكەوتن و گەشەكردن نادات.
سەڵاح بەوە ناسراوە كە زیاتر وەكو یاریزانێكی ئازاد لەنێو سیستەمێكی هێرشبەری دەركەوتووە و بووەتە گۆڵكاری مێژوویی لیڤەرپوول، بەڵام بەهۆی ئەو ئەركە بەرگرییە و سنوورداكردنی پێگەكەی وایكردووە بەهرەكانی سەڵاح بەرەو دامركاندنەوە بچێت.


5.شكستی مرۆڤ، پێش شكستی تەكتیكی

ڕەنگە گەورەترین و کاریگەرترین هەڵەی سلۆت،  نەبوونی ئەو زیرەکییە سۆزدارییە بووبێت کە یۆرگن کلۆپی پێش خۆی خاوەنی بووە. تۆپی پێ تەنیا تاکتیک نییە؛ بەڵكو لێزانییە لە بەڕێوەبردنی خەڵک.
سلۆت پێش ئەوەی داوای ئەركی تەكنیكی بكات دەبوو پەیوەندییەكی مرۆڤانە لەگەڵ سەڵاح دروست بکات، سەرکردەیەكی وەكو سەڵاح پێویستی بەوەیە هەست بە ڕێز و قەدرزانی بکات بۆ ئەوەی لە باشترین ئاستی خۆیدا گەشە بكات، بەڵام شێوازی سارد و كۆتوبەندكردنی سەڵاح، وایكرد ئەو یاریزانە وەكو كەسێكی بێگانە و دەرەكی لەنێو ماڵەكەی خۆی دەربكەوێت، ئەمەش تێکچوونی پەیوەندی نێوانیانی بەخێرایی خراپتر كرد.
ئێستا لیڤەرپوول باجی خۆبەزلزانینی ئەو ڕاهێنەرە دەدات، ئەنجامەکەیش دەکرێت لەدەستدانی یەکێک لە گەورەترین یاریزانەکان بێت کە درێسە سوورەکەی لیڤەری پۆشی بێت لە کاتێکدا تیپەکە زۆرترین پێویستی بە سەقامگیری و هەبوونی سەڵاح بوو.

 

 

 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل