فیفا کات و شوێنی رێوڕەسمی خەڵاتەکانی زەبێستی ئاشکراکرد
بەفەرمی فیفا یانەی زاخۆی ئاگادار کردەوە
فیفا کات و شوێنی رێوڕەسمی خەڵاتەکانی زەبێستی ئاشکراکرد و دوو رۆژی دیکە لە دەوحە باشترینەکانی ساڵی 2025 خەڵات دەکرێن.
فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان بەفەرمی ئاشکرایکردووە، رۆژی سێشەممە (16ـی دیسەمبەری 2025) کاتژمێر 08:00ـی شەو بە کاتی دەوحە (بە کاتی هەولێر) رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی زەبێست لە دەوحە بەڕێوە دەچێت، کە هاندەرانی یانەی زاخۆ بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتی باشترین هاندەری ساڵ بەربژێرن.
ئەمڕۆ یەکشەممە فیفا پەیوەندی بە عەمار فەرهاد سەرۆکی یانەی زاخۆ کردووە و یانەکەی ئاگادار کردووەتەوە، رۆژی سێشەممە لە دەوحە لە قەتەڕ ئامادەبن بۆ ئەوەی بەشداریی رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی زەبێست بکەن، کە بەگوێرەی راگەیاندراوەکەی فیفا 800 میوان بانگهێشتکراون بۆ ئەوەی لە رێوڕەسمەکە بەشدار بن، کە رێوڕەسمەکە لە هۆڵی فێرمۆنت كاتارا لە دەوحە بەڕێوە دەچێت.
هاندەرانی یانەی زاخۆ لەلایەن فیفاوە یەکێکن لەو سێ بەربژێرەی بۆ خەڵاتی باشترین هاندەری ساڵ بەربژێر کراون.
