بە فەرمی كات و شوێنی بەخشینی خەڵاتەكانی زەبێست راگەیاندرا
فیفا نوێنەری یانەی زاخۆی ئاگادار كردووەتەوە بەشێوەی ئۆنلاین ئامادە بن
فیفا کات و شوێنی رێوڕەسمی خەڵاتەکانی زەبێستی ئاشکرا کرد و دوو رۆژی دیکە لە دەوحە باشترینەکانی ساڵی 2025 خەڵات دەکرێن.
فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان بە فەرمی ئاشکرای کردووە، رۆژی سێشەممە (16ـی دیسەمبەری 2025) کاتژمێر 08:00ـی شەو بە کاتی دەوحە (بە کاتی هەولێر) رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی زەبێست لە دەوحە بەڕێوە دەچێت، کە هاندەرانی یانەی زاخۆ بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتی باشترین هاندەری ساڵ بەربژێرن.
ئەمڕۆ یەکشەممە فیفا پەیوەندی بە عەمار فەرهاد سەرۆکی یانەی زاخۆ کردووە و یانەکەی ئاگادار کردووەتەوە، رۆژی سێشەممە لە دەوحە لە قەتەڕ بەشێوەی ئۆنلاین بەشداریی رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی زەبێست بکەن، کە بەگوێرەی راگەیاندراوەکەی فیفا 800 میوان بانگهێشتکراون بۆ ئەوەی لە رێوڕەسمەکە بەشدار بن، کە رێوڕەسمەکە لە هۆڵی فێرمۆنت كاتارا لە دەوحە بەڕێوە دەچێت.
هاندەرانی یانەی زاخۆ لەلایەن فیفاوە یەکێکن لەو سێ بەربژێرەی بۆ خەڵاتی باشترین هاندەری ساڵ بەربژێر کراون، لە رێورەسمەكەشدا نوێنەری بەربژێرانی باشترین هاندەری ساڵ ئامادە نابن و خەڵاتەكە بە ئۆنلاین دەبەخشرێت.
لەكاتی رێورەسمی بەخشینی خەڵاتەكانی زەبێست، باشترین یاریزان، راهێنەر، گۆڵپارێز لەسەر ئاستی پیاوان خانمان دەستنیشان دەكرێت، لەگەڵ بەخشینی چەندان خەڵاتی دیكە.
