یەکەمین فێستیڤاڵی پەتاتە لە دهۆک بەڕێوەدەچێت
بڕیارە سبەی دووشەممە، 15ـی کانوونی یەکەمی 2025، یەکەمین فێستیڤاڵی پەتاتە لە پارێزگای دهۆک بەڕێوەبچێت، بۆ ئەم مەبەستە ئامادەکارییەکان کراون و چەندان جووتیار بەشداری تێدا دەکەن.
ئەندازیار ئەحمەد جەمیل، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی پارێزگای دهۆک، بە بێوار حلمی، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند، فێستیڤاڵەکە بە هاوبشی لەگەڵ زانکۆی دهۆک و بە پاڵپشتیی کۆنسوڵخانەی هۆڵەندا بەڕێوەدەچێت. ماوەی سێ ڕۆژ دەخایەنێت و چەندان چالاکی جۆراوجۆر لەخۆدەگرێت.
بە گوتەی ئەندازیار ئەحمەد جەمیل، ئامانجی سەرەکیی فێستیڤاڵەکە پیشاندانی بەرهەمی پەتاتەی جووتیاران و دۆزینەوەی بازاڕە بۆیان. هەروەها، بەشێکی زانستیی تایبەت بە پەتاتە و پیشەسازیی خۆراکیی پەیوەست بە پەتاتە لە فێستیڤاڵەکەدا دەبێت. بەرهەمی جوتیاران بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ نمایش دەکرێت و جۆرە نوێیەکانی پەتاتە دەخرێنەڕوو.
بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی پارێزگای دهۆک ئەوەشی خستەڕوو، نزیکەی 50 خێوەت بەشداری لە فێستیڤاڵەکەدا دەکەن، بەشێکیان تایبەت دەبن بە پیشاندانی بەرهەمی پەتاتە و بەشێکی دیکەیان بۆ خواردنە کوردەواری و بیانییەکان تەرخان دەکرێن. جوتیارە نموونەییەکان بانگهێشت کراون بۆ بەشداریکردن و پیشاندانی بەرهەمەکانیان. هەروەها، بەشێکی تایبەت بە پیشەسازیی پەتاتە و کۆمپانیا پەیوەندیدارەکان دەبێت.
کەرتی کشتوکاڵ لە پارێزگای دهۆک لە ساڵانی ڕابردوودا گەشەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە. حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی وەزارەتی کشتوکاڵەوە پشتیوانیی جووتیارانی کردووە بۆ بە بازاڕکردنی بەرهەمەکانیان لە ناوخۆ و دەرەوەی هەرێمی کوردستان.
لە چەند ساڵی ڕابردوودا، 126 ساردخانە بۆ هەڵگرتنی پەتاتە و بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی دیکە لە دهۆک دروستکراون. بەرهەمی پەتاتەی دهۆک بە کوالێتی بەرز ناسراوە و ئەمەش وایکردووە بازرگانێکی زۆر ڕووی تێبکەن.
بەپێی ئامارەکان، بەرهەمی پەتاتە لە دهۆک لە ساڵی 2023 بە ڕێژەی 70% زیادی کردووە. لە ساڵی 2025، پێشبینی دەکرێت بەرهەمی پەتاتە بگاتە 600 هەزار تۆن. ئەمەش دوای ئەوە دێت کە 48 هەزار هێکتار زەوی بە پەتاتە چێنراوە.
بەهۆی قەدەغەی هاوردەکردنەوە، بازاڕەکان ئێستا بە تەواوی پشت بە بەرهەمی ناوخۆ دەبەستن. دوای پڕکردنەوەی پێداویستیی ناوخۆ، پلان هەیە پەتاتە هەناردەی ئوردن، ئیمارات، قەتەر و باشووری عێراق بکرێت.
