دیمەشق: پێشوەختە ئەمەریکامان لە مەترسیی هێرشەکەی تەدمور ئاگادار کردبووەوە

سەرچاوەیەکی ئەمنی ئەمڕۆ یەکشەممە، 14ـی کانوونی یەکەمی 2025، بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاند، ئەو کەسەی هێرشی کردە سەر شاندە سەربازییە هاوبەشەکە لە ناوەڕاستی سووریا، ئەندامی دەزگای ئاسایشی گشتی بووە، هاوکات دەسەڵاتداران دوای هێرشەکە 11 ئەندامی دیکەی هەمان دەزگایان دەستگیر کردووە و ڕەوانەی لێکۆڵینەوەیان کردوون.

سەرچاوەکە کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، ڕوونی کردووەتەوە، "ئەنجامدەری هێرشەکەی تەدمور زیاتر لە 10 مانگە ئەندامی ئاسایشی گشتیی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی سووریا بووە، پێش ئەوەی بگوازرێتەوە بۆ شاری تەدمور، لە چەند شارێکی دیکە کاریکردووە."

ئاماژەی بەوەشداوە، دەستبەجێ دوای ڕووداوەکە زیاتر لە 11 ئەندامی دیکەی ئاسایشی گشتی دەستبەسەر کراون و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێت.
لەوەتەی ئەحمەد شەرح دەسەڵاتی گرتووەتە دەست، ئەمە یەکەمجارە ڕووداوێکی لەم شێوەیە تۆمار بکرێت، چونکە لە مانگەکانی ڕابردوودا هەوڵی نزیکبوونەوەیان لەگەڵ ئەمەریکا داوە. 

لەوبارەیەوە نورەددین بابا، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی سووریا بە تەلەفزیۆنی فەرمی حکوومەتی گوت، هێرشکارەکە سەر بە هێزەکانی ئاسایشی گشتی بووە و بەپێی هەڵسەنگاندنێکی ئەمنی پێشوەختە، بڕیار بووە ڕێکاری بەرامبەر بگیرێتەبەر و لە کارەکەی دووربخرێتەوە.

گوتەبێژەکە جەختیشی کردەوە، فەرماندەیی ئاسایشی ناوخۆ لەو ناوچەیە زیاتر لە پێنج هەزار ئەندامی هەیە و هەفتانە هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکرێت بۆ گرتنەبەری ڕێکاری پێویست، دوای ڕووخانی ڕژێمی پێشوو و هەڵوەشانەوەی دەزگا ئەمنییەکان، دەسەڵاتی نوێ دەرگای خۆبەخشیی بە فراوانی کردەوە بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی ئەمنی، کە ئەمەش وایکرد هەزاران کەس بە خێرایی بێنە ناو دەزگاکانەوە.
دوای هێرشەکەی سەر شاندەکەی ئەمەریکا، دۆناڵد ترەمپ، بەڵێنی وەڵامدانەوەی هێرشەکەی دا و ناوچەکەی بە "زۆر مەترسیدار" وەسف کرد کە لەژێر کۆنترۆڵی تەواوی دەسەڵاتدارانی سووریادا نییە.

لەلایەکی دیکەوە، فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمەریکا (سێنتکۆم) کوژرانی هێرشکارەکە و برینداربوونی سێ سەربازی دیکەی ئەمەریکا پشتڕاست کردەوە و ئاماژەی بەوە دا شاندەکە لە چوارچێوەی ئەرکی پشتیوانی ئۆپەراسیۆنەکانی دژ بە داعش لە تەدمور بوون.

لای خۆیەوە دیمەشق هێرشەکەی ئیدانە کرد و بە "تیرۆریستی" وەسفی کرد و سەرەخۆشی ئاراستەی حکوومەت و گەلی ئەمەریکا کرد.

گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ باسی لەوەشکرد، "پێشوەختە لەلایەن فەرماندەیی ئاسایشی ناوخۆوە هۆشداری درابووە هێزە هاوبەشەکان لە ناوچەکە، بەڵام هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی هۆشدارییەکانی سووریایان بە هەند وەرنەگرت سەبارەت بە ئەگەری دروستبوونی بۆشایی ئەمنی لەلایەن داعشەوە."

لە مانگی ڕابردوو لە میانی سەردانەکەی ئەحمەد شەرع، بۆ واشنتن، سووریا بە فەرمی پەیوەندی بە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش کردووە.

 

 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل