وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا: دژایەتیکردنی جووەکان لە جیهاندا جێی قەبوڵکردن نییە

دوای ئەوەی هێرشێکی چەکداری کرایە سەر ئاهەنگێکی تایبەت بە جووەکان لە ئوسترالیا و ژمارەیەک قوربانی لێکەوتەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بە توندی سەرکۆنەی ئەو کارە دەکات و وەک هێرشێکی تیرۆریستی و کردەوەیەکی دژە جوو  وەسفی دەکات، هاوکات واشنتن هاوسۆزیی خۆی بۆ قوربانیان و حکوومەتی ئوسترالیا دەربڕی.
مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە پەیامێکدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردووەتەوە، هەڵوێستی فەرمیی وڵاتەکەی بەرانبەر ڕووداوەکەی شاری سیدنی خستووەتەڕوو. 

ڕوبیۆ ڕایگەیاندووە،  ئەمەریکا بە توندترین شێوە ئەو هێرشە ڕەتدەکاتەوە کە ئاهەنگێکی جووەکانی کردووەتە ئامانج و بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی 11 کەس.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە بەشێکی پەیامەکەیدا جەختی لەوە کردووەتەوە، لە دنیای ئەمڕۆدا نابێت هیچ شوێنێک بۆ بیری دژایەتیکردنی جووەکان و ڕەتکردنەوەی بەرانبەر بمێنێتەوە.

 ناوبراو وێڕای سەرکۆنەکردنی هێرشەکە بە شێوەیەکی توند، هاوخەمی و پشتیوانیی خۆی و وڵاتەکەی بۆ کەسوکاری قوربانییەکان، پێکهاتەی جووەکان و تەواوی گەلی ئوسترالیا دووپات کردووەتەوە.


ئەم هەڵوێستەی ئەمەریکا پاش ئەوە دێت کە ئەمڕۆ لە یەکێک لە کەناراوەکانی شاری سیدنی لە ئوسترالیا، دەستڕێژی گولـلە لە ئاهەنگگێڕانی مەراسیمێکی ئاینیی جووەکان کرا، بەگوێرەی ئامارەکان 11 کەس لە ڕووداوەکەدا کوژراون، هێرشەکە شۆکێکی گەورەی لە ناوخۆی ئوسترالیا و ئاستی نێودەوڵەتیدا دروستکردووە، بەتایبەتی کە ئوسترالیا بە یەکێک لە وڵاتە سەقامگیرەکان دادەنرێت و ئەنجامدانی هێرشی لەم شێوەیە دژی پێکهاتە ئاینییەکان بە ڕووداوێکی دەگمەن و مەترسیدار هەژمار دەکرێت.

 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل