تاران: تیرۆر و کوشتنی مرۆڤ لە هەر شوێنێکی جیهان بێت ڕەتی دەکەینەوە

ئیسماعیل بەقائی
ئیسماعیل بەقائی

هاوشێوەی کاردانەوە نێودەوڵەتییەکان، کۆماری ئیسلامیی ئێران هەڵوێستی فەرمیی خۆی لەسەر ڕووداوە خوێناوییەکەی ئوسترالیا ڕاگەیاند و بە کردەوەیەکی تیرۆریستی ناساندن، هاوکات جەختی لەوە کردەوە کە دەبێت گیانی مرۆڤەکان پارێزراو بێت و هیچ پاساوێک بۆ توندوتیژی و کوشتن نییە.
ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە ڕێگەی پەیامێکەوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، بە ناوی وڵاتەکەیەوە سەرکۆنەی ئەو هێرشە توندوتیژەی کرد کە لە شاری سیدنی، ئاهەنگێکی تایبەت بە جووەکانی کردبووە ئامانج.

گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە پەیامەکەیدا ڕایگەیاندووە، تاران بە هەموو شێوەیەک ئەو جۆرە پەلامارانە ڕەتدەکاتەوە،بەقایی جەختی لەسەر پرەنسیپێکی گشتی کردووەتەوە بەوەی دیاردەی تیرۆر و کوشتنی مرۆڤەکان لە هەر کونجێکی ئەم جیهانەدا بێت، کردەوەیەکی قێزەون و مەحکومکراوە و بە هیچ شێوەیەک جێگەی قبوڵکردن نییە.


ئەم هەڵوێستەی تاران دوای ئەوە دێت کە لە هێرشێکی چەکداریدا لە سیدنی 11 کەس کوژران، سەرەڕای ناکۆکییە سیاسی و ئایدۆلۆژییە قوڵەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل، بەڵام وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەم ڕووداوەدا جیاواز لە ململانێ سیاسییەکان و لە ڕوانگەی ڕەتکردنەوەی تیرۆرەوە پەیامەکەی ئاراستە کردووە، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ شەپۆلێکی فراوانی سەرکۆنەکردنی لەلایەن وڵاتانی جیهانەوە بۆ ئەو کردەوەیە.

 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل