لە ئوسترالیا هێرش کرایە سەر ئاهەنگێکی جووەکان؛ "15 کەس بوونەتە قوربانی"
دووشەممە، 14ی کانوونی دووەمی 2025، پۆلیسی ئۆسترالیا ڕایگەیاند، ڕووداوێکی تەقەکردن لە کەناراوی بەناوبانگی بۆنـدیی شاری سیدنی ڕوویداوە و بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان، نزیکەی 15 کەس لە ڕووداوەکەدا بوونەتە قوربانی.
پۆلیسی ویلایەتی 'نیو ساوس وێڵز' پشتڕاستی کردەوە، دوو کەسی دەستگیر کردووە کە پەیوەندییان بە ڕووداوەکەوە هەبووە. بە گوێرەی پۆلیس، ئەو دوو کەسە لە کاتێکدا تەقەیان لە خەڵکەکە کردووە، نزیکەی دوو هەزار جوولەکە لە کەناراوی بۆندی خەریکی ئاهەنگگێڕان بوون.
پۆلیس لە پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی "ئێکس" (X) هۆشداری داوە و داوای لە هاووڵاتییان و گەشتیاران کردووە بۆ سەلامەتی گیانیان لە کەناراوی 'بۆندی' دوور بکەونەوە، چونکە ئەو شوێنە لە ئێستادا بە سەلامەت دانانرێت.
ئەنتۆنی ئەلبانیزی، سەرۆک وەزیرانی ئۆسترالیا، لەبارەی ڕووداوەکە ڕایگەیاند "ئاگاداری دۆخی ئەمنی بەردەوامین لە بۆندی، داوا لە خەڵکی ناوچەکە دەکەین بۆ سەلامەتی گیانیان پابەندی ڕێنمایی و هۆشدارییەکانی پۆلیسی نیو ساوس وێڵز بن."
هەروەها لە گرتە ڤیدیۆییەکانی بڵاوکراوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس"، دیمەنی پەرشوبڵاوبوونی خەڵک لە کەنارەکە دەبینرێت، لەگەڵ بیستنی دەنگی تەقە و زەنگی ئاگادارکەرەوەی پۆلیس.
