سبەی خەمڵاندن بۆ زیانەکانی لافاوی چەمچەماڵ دەکرێت

لە چوارچێوەی بەدواداچوون بۆ زیانی هاووڵاتییان و ئاسانکاریکردن بۆ ڕاپەڕاندنی مامەڵەکانیان، بڕیارە سبەی دووشەممە 15ـی کانوونی یەکەمی 2025،  تیمێکی تایبەتمەندی هونەری لە بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی پارێزگای سلێمانی بە هەماهەنگی لەگەڵ هاتوچۆی چەمچەماڵ، دەست بە هەڵمەتێکی مەیدانی دەکەن بۆ پشکنینی ئەو ئۆتۆمبێلانەی لەلافاوەکەی چەمچەماڵ و تەکیە و شۆڕش زیانیان بەرکەوتووە، بەمەبەستی دیاریکردنی بڕی زیانەکان و تەواوکردنی ڕێکارە یاسایی و کارگێڕییەکان.


بەگوێرەی ئاگادارییەکەی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی چەمچەماڵ، پرۆسەکە سبەی 15ـی کانوونی یەکەمی 2025 دەستپێدەکات و شێوازەکەی بە جۆرێک ڕێکخراوە کە بارگرانی لەسەر شانی هاووڵاتییان دروست نەکات. 

تیمەکان داوایان لە خاوەن ئۆتۆمبێلە زیانلێکەوتووەکان کردووە، پێویست ناکات سەردانی بنکەکانی هاتوچۆ بکەن، بەڵکو تەنیا ئۆتۆمبێلەکانیان لەبەردەم دەرگای ماڵەکانی خۆیاندا ئامادە بکەن و ڕایبگرن تاوەکو لیژنەکە خۆیان دەچنە سەر ئۆتۆمبێلەکان و پشکنینی بەرادەی بۆ ئەنجام دەدەن.

لە قۆناغی یەکەمدا کە سبەی بەڕێوەدەچێت، تیمەکان تەنیا سەردانی ئەو ئۆتۆمبێلانە دەکەن کە دەکەونە ناو سەنتەری قەزای چەمچەماڵەوە.

 سەبارەت بە دانیشتووانی ناحیەکانی شۆڕش و تەکیە و ناوچەکانی دیکە، پرۆسەکە لە ڕۆژانی داهاتوودا بەردەوامی دەبێت و تیمەکان دەگەنە ئەو شوێنانەش، بەجۆرێک کە تاوەکو پشکنین بۆ کۆتا ئۆتۆمبێلی زیانلێکەوتوو نەکرێت، کارەکانی لیژنەکە ڕاناوەستێت.


ئەم هەنگاوەی هاتوچۆی سلێمانی و چەمچەماڵ دوای ئەوە دێت کە ژمارەیەک لە ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییان لە سنوورەکەدا بەهۆی لافاوەوە تووشی زیان بوون، ئەمەش وایکرد لایەنە پەیوەندیدارەکان لیژنەی تایبەتمەند پێكبهێنن بۆ خەمڵاندنی وردی زیانەکان.

 ئامانج لەم پشکنینە مەیدانییە، تۆمارکردنی ڕێژەی ڕاستەقینەی زیانەکانە بەشێوەیەکی فەرمی، تاوەکو وەک بەڵگەنامەیەک بەکاربهێنرێت بۆ هەر هەنگاوێکی قەرەبووکردنەوە یان هاوکارییەک کە لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە بڕیاری لێبدرێت، ئەمەش وەک دڵنیاییەک بۆ پاراستنی مافی خاوەن ئۆتۆمبێلەکان دێت.

 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل