پۆلیسی ئوسترالیا: باوک و کوڕێک ئەنجامدەری هێرشەکەی سیدنی بوون
پۆلیسی ئوسترالیا ڕایگەیاند، ئەو هێرشە چەکدارییەی لە سیدنی ئەنجامدرا، لەلایەن باوک و کوڕێکەوە بووە و بەهۆیەوە ژمارەی کوژراوان بۆ 16 کەس بەرزبووەتەوە، کە ئەمەش بە یەکێک لە کوشندەترین هێرشەکان دادەنرێت لە مێژووی ئەو وڵاتەدا لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا.
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا پۆلیس ئاشکرای کرد، باوکەکە تەمەنی 50 ساڵە و لە شوێنی ڕووداوەکە کوژراوە، کوڕەکەیشی کە تەمەنی 24 ساڵە، ئێستا لە نەخۆشخانەیە و باری تەندروستیی ناجێگیرە.
هاوکات پۆلیسی "نیو ساوس وێڵز" لە بەیاننامەیەکدا لە ماڵپەڕی فەرمیی خۆی ڕایگەیاند: "دەتوانین پشتڕاستی بکەینەوە، لە ئەنجامی تەقەکردنەکەی دوێنێی ناوچەی بۆندی، 16 کەس گیانیان لەدەستداوە و 40 کەسی دیکەش لە نەخۆشخانە ماونەتەوە". تا ئێستا پۆلیس ڕوونی نەکردووەتەوە کە ئایا ئەو 16 کوژراوە هێرشبەرە 50 ساڵەکەشی تێدایە یان نا.
ڕووداوەکە ڕۆژی یەکشەممە لە کەناری بەناوبانگی "بۆندی" لە سیدنی و لە کاتی بەڕێوەچوونی ئاهەنگەکانی "هانۆکا" ڕوویداوە.
کریس مینس، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی نیو ساوس وێڵز، پشتڕاستی کردەوە؛ ئامانجی تەقەکردنەکە کۆمەڵگەی جووەکانی سیدنی بووە. ناوبراو لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: "ئەم هێرشە بە ئەقەست کراوەتە ئامانج بۆ سەر جوووەکان لە یەکەم ڕۆژی جەژنی هانۆکادا". هەروەها دڵنیایی دا کە دەسەڵاتداران هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ پاراستنی سەلامەتی جوووەکان لە وڵاتەکەدا.
ئەنتۆنی ئەلبانیزی، سەرۆک وەزیرانی ئوسترالیا، دیمەنەکانی تەقەکردنەکەی بە "ترسناک و ئازاربەخش" وەسف کرد.
پێشتریش لە 6ـی کانوونی دووەمی 2024، ئوسترالیا شایەتحاڵی هێرشێکی دیکە بوو بۆ سەر کەنیسەی "ئەداس ئیسرائیل" لە گەڕەکی ڕیپۆنلی لە شاری مێلبۆرن، کە تێیدا سێ کەسی دەمامکدار پەنجەرەی کەنیسەکەیان شکاند و ئاگریان تێبەردا.
