لە مەغریب 21 کەس بەهۆی لافاوەوە گیانیان لەدەستدا

دەسەڵاتدارانی مەغریب ڕایانگەیاند بەهۆی دروستبوونی لافاو لە پارێزگای سەفی، کە دەکەوێتە سەر کەنارەکانی زەریای ئەتڵەسی، 21 کەس گیانلەدەستدا.

پەیامنێری سکای نیوز عەرەبی لە زاری دەسەڵاتدارانی خۆجێیی شاری سەفی کە نزیکەی 330 کیلۆمەتر لە باشووری شاری ڕیباتەوە دوورە، ئاماری نوێی زیانەکانی ئەو شەپۆلە بەهێزەی بڵاوکردەوە؛ کە ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە پارێزگاکەی گرتووەتەوە.

بەگوێرەی ئامارەکان، تا ئێستا 21 کەس گیانیان لەدەستداوە و 32 کەسی دیکەش برینداربوون. زۆربەی بریندارەکان دوای وەرگرتنی چارەسەری پێویست نەخۆشخانەیان جێهێشتووە و ئەوانی دیکەش لەژێر چاودێری پزیشکیدان.

دەسەڵاتداران هەموو تواناکانیان خستووەتە گەڕ بۆ سۆراغکردنی ونبووان و گەیاندنی هاوکاریی مەیدانی و پاراستنی ئاسایشی ناوچە زیانلێکەوتووەکان، تاوەکو بەدەم دانیشتووانی ناوچەکەوە بچن لەم دۆخە نائاساییەدا.

شاری سەفی زیانێکی ماددیی بەرچاوی بەرکەوتووە؛ دەیان ماڵ و دوکان ژێرئاو کەوتوون، لافاوەکە ئۆتۆمبێلی هاووڵاتیانی ڕاماڵیوە و بەشێک لە ڕێگاکانی شارەکەی بڕیوە. 

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل