چوارچێوەی هەماهەنگی کۆدەبێتەوە؛ "کۆدەنگی لەسەر سوودانی نییە"
چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ یەکلاکردنەوەی کاندیدی سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عێراق کۆدەبێتەوە.
بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە، 15ی کانوونی یەکەمی 2025، چوارچێوەی هەماهەنگی لایەنە شیعییەکان کۆببێتەوە بەمەبەستی یەکلاکردنەوەی کاندیدی پۆستی سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عێراق.
بەگوێرەی سەرچاوەیەکی ناو چوارچێوەی هەماهەنگییەوە، کۆبوونەوەکە تاوتوێی دیاریکردنی کاندیدێکی هاوبەش دەکات. لە ئەگەری نەگەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی لەسەر یەک ناو، ئەوا ناوی سێ کاندید دەخرێتە بەردەم ئەندامان و لە ڕێگەی دەنگدانەوە یەکێکیان هەڵدەبژێردرێت.
لەنێو کاندیدەکاندا، محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی ئێستا، بە کاندیدی سەرەکی دادەنرێت و هاوپەیمانیی "ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان" بە فەرمی کاندیدی کردووە. لەگەڵ ئەوەشدا، ناوبراو هێشتا کۆدەنگی تەواوی لایەنەکانی ناو چوارچێوەکەی بەدەست نەهێناوە.
پرسی دیاریکردنی سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق ماوەیەکە بووەتە تەوەری سەرەکیی گفتوگۆکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی. لە کۆبوونەوەکانی پێشوودا، چوارچێوەکە تایبەتمەندی و پێوەرەکانی بۆ کاندیدی ئەو پۆستە دیاری کردووە؛ جەختیان لەسەر لێهاتوویی، دەستپاکی و توانای بەڕێوەبردنی دەوڵەت کردووەتەوە.
لیژنەیەکی تایبەتمەند لەناو چوارچێوەی هەماهەنگیدا پێکهێنراوە بۆ هەڵسەنگاندنی کاندیدەکان. بەپێی زانیارییەکان، لیستێک لە ناوی کاندیدەکان ئامادە کراوە و ژمارەیان لە نێوان 4 بۆ 9 کاندید دایە.
سەرکردەیەکی چوارچێوەی هەماهەنگی ڕایگەیاندووە، هێزە سیاسییەکان دەیانەوێت پێش کۆتاییهاتنی ماوەی دەستووری، کاندیدی سەرۆک وەزیران یەکلایی بکەنەوە و ئەگەری هەیە لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا ناوەکە بە فەرمی ڕابگەیەنرێت.
ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت، لایەنەکان پێویستە سەرەتا پۆستی سەرۆکی پەرلەمان و پاشان سەرۆک کۆمار یەکلایی بکەنەوە، ئینجا بە فەرمی سەرۆک کۆمار کەسێک بۆ بۆ پێکهێنانی حکوومەت ڕابسپێرێت.
