ڕوانسەر، یادی ڕۆژی جیهانیی شاخ کرایەوە
گرووپی شاخەوانیی ژنانی ڕوانسەر، بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی شاخەوە چالاکییەکی وەرزشیی لە چیاکانی ئەم شارە ڕێک خست.
چالاکییەکە، بە بەشداریی نزیک 100 ژن و بە دروشمی ئاشتی لەگەڵ سروشت و ژیان بەڕێوە چوو. ڕێکخەرانی چالاکییەکە دەڵێن "ئامانجیانە بە کەڵک وەرگرتن لە سروشتی ناوچەکە ژنان لە ناو ماڵ بێننە دەرەوە و هان بدرێن بۆ ئەوەی زیاتر لە چالاکییە وەرزشی و کۆمەڵایەتییەکاندا بەشدار بن."
پەری سەیدی، بەرپرسی گرووپی شاخەوانیی باوانی ڕوانسەر، بە کوردستان24ـی گوت: ئێمە هیوادارین گرووپەکەمان زیاتر پەرە پێ بدەین. داوا لە خانمان دەکەین بەشداریی چالاکییەکانمان بکەن، تاوەکوو بیسەلمێنن کە خانمانیش دەتوانن هاوتای پیاوان، بەشداریی چالاکییە وەرزشییەکان، بە تایبەتی شاخەوانی بکەن.
ڕووناک محەممەدی، ئەندامی گرووپی شاخەوانیی باوان، دەڵێت: وەک دایکی سێ منداڵ، داوا لە خانمان دەکەم، هەرنەبێ هەفتەی ڕۆژێک وەرزش بکەن و هەمیشە لەناو چواردیواری ماڵەوە نەمێننەوە. وەرزش ژیانمان جوانتر و دروونمان ئاسوودەتر دەکات.
چالاکییەکە هەر لە نزیک شاری روانسەر دەستی پێ کرد و بەشداربووان بە داوێنی چیای 'یەڵەوەر'دا سەرکەوتن. چالاکییەکە، تێکەڵەیەک بوو لە ڕێپێوان و شاخەوانی.
ئەندامانی گرووپی شاخەوانیی باوان، پێشتر چەندین جار بە چیای 'یەڵەور' دا سەرکەوتوون و ئەزموونێکی باشیان لە شاخەوانیی ئەم ناوچەیەدا هەیە. ئەوان دەڵێن ئەو جۆرە چالاکییە بە کۆمەڵانە کاریگەریی لەسەر بوارەکانی دیکەی ژیانیان دەبێت.
ئاڵا بەهرامی، ئەندامی گرووپی شاخەوانیی باوانیش لایوایە "شاخ وەک ماڵی دووەمی مرۆڤ وایە و شاخەوانی دەبێتە هۆی متمانەبەخۆبوون و سەلامەتی."
ئەگەرچی گرووپی شاخەوانیی ئافرەتان ئەم چالاکییەی ڕێک خستبوو و زۆربەی بەشداربووانیش ئافرەت بوون، بەڵام ژمارەیەک پیاو و مێرمنداڵیش یش لە چالاکییەکەدا بەشدار بوون. لە کۆتایی چالاکییەکەدا و پاش بڕینی مەودای زیاتر لە چوار کیلۆمەتر شاخەوانان گەیشتنە خاڵی مەبەست و ژمارەیەک لە ژنانی بەشدار لەم چالاکییە وەرزشییەدا بە پێی تیر و پشک خەڵات کران و بەمەش ئافرەتان زیاتر هان دەدرێن بۆ بەردەوامبوون لە شاخەوانی و چالاکییە کۆمەڵایەتی و وەرزشییەکان.
