پەیامێکی ئەمەریکا بۆ ناتانیاهۆ: تێکدانی سەقامگیری سووریا هێڵی سوورە
لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی ئەمەریکا بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی ئەمنیی لە نێوان سووریا و ئیسرائیل، بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە، تۆم باراک نوێنەری دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل کۆببێتەوە.
بەگوێرەی کەناڵی i24newsـی ئیسرائیلی، سەرچاوە ئاگادارەکان ئاشکرایان کردووە، باراک کۆمەڵێک هێڵی سوور سەبارەت بە چالاکییە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە ناو خاکی سووریادا دەخاتە ڕوو.
لە میانی دیدارەکەیدا لەگەڵ ناتانیاهۆ و بەرپرسانی دیکە، نوێنەرەکەی ئەمەریکا تاوتوێی چەندان پرسی ناوچەیی دەکات، بەتایبەتی دۆخی سووریا. سەرچاوەکان ڕوونیان کردەوە "ئەمەریکا نیگەرانە لەوەی زیادبوونی ئۆپەراسیۆنەکانی ئیسرائیل لە باشووری سووریا، ببێتە هۆی تێکدانی سەقامگیریی ئەو وڵاتە".
هەروەها ئاماژەیان بەوە داوە ئیدارەی ترەمپ هەوڵی ئەنجامدانی ڕێککەوتنێکی ئەمنیی لە نێوان هەردوو وڵات دەدات بۆ ڕێگریکردن لە هەر گرژی و ئاڵۆزییەکی زیاتر. مانگی ڕابردوو، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا سەردانی واشنتنی کرد و لەگەڵ ترەمپ کۆبووەوە؛ لەوێ ستایشی هەوڵەکانی ترەمپی کرد بۆ ئاوەدانکردنەوەی وڵاتەکە، لە بەرامبەردا بەڵێنی پشتیوانی و هەڵگرتنی سەرجەم سزاکانی ئەمەریکای پێ درا.
واشنتن لە چەند مانگی ڕابردوودا کار بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوان سووریا و ئیسرائیل و گەیشتن بە جۆرێک لە لێکگەیشتنی ئەمنیی لە ناوچەکانی باشوور دەکات. سەردانەکەی باراک بۆ تەلئەڤیڤ هاوکاتە لەگەڵ بەردەوامیی پێشێلکارییەکانی هێزەکانی ئیسرائیل لە باشووری سووریا کە ڕۆژانە ڕوودەدەن. دوای ڕووخانی ڕژێمی پێشووی سووریا لە ساڵی ڕابردوودا، ئیسرائیل هێز و کەرەستەی سەربازیی لە باشووری سووریا جێگیر کردووە و سنووری ناوچەی داماڵراو لە چەکی ساڵی 1974ـی بەزاندووە، لەنێویاندا کۆنتڕۆڵکردنی بنکەی چاودێریی ستراتیژی لەسەر چیای حەرمون. ناتانیاهۆ خواستی خۆی بۆ دروستکردنی ناوچەیەکی داماڵراو لە چەک لە دیمەشقەوە تا چیای حەرمون ڕاگەیاند، بەڵام ئەم پێشنیازە لەلایەن سووریاوە ڕەتکرایەوە.
شەش خولی دانوستانەکانی نێوان بەرپرسانی سووریا و ئیسرائیل بە نێوەندگیریی ئەمەریکا، نەیتوانیوە بگاتە ڕێککەوتنێکی ئەمنیی بۆ سەقامگیرکردنی ناوچە سنوورییەکان. بەگوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز، دانوستانەکان لە مانگی ئەیلوولی 2025ـەوە وەستاون.
تەنیا چەند ڕۆژێک لەمەوبەر، جەدعۆن ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ئاشکرای کرد دانوستانەکان لەگەڵ دیمەشق سەبارەت بە ڕێککەوتنی ئەمنیی، ڕووبەڕووی ئاستەنگ و بەربەستی زیاتر بوونەتەوە؛ ناوبراو جەختی کردەوە لایەنی سووریا داواکاریی نوێی خستۆتە ڕوو، کە ئەمەش بۆشایی نێوان هەردوولای فراوانتر کردووە.
