گۆران ساڵح، گۆرانی "هەولێر هاتووم بەڵێن دەدەم"ـی بڵاوکردەوە
هونەرمەندی گۆرانیبێژ گۆران ساڵح، نوێترین گۆرانی خۆی بەناوی "هەولێر هاتووم بەڵێن دەدەم" کە لە ئاوازی خۆیەتی، لە چەناڵی یوتیوبی تایبەت بەخۆی بڵاوکردەوە.
ڕۆژی یەکشەممە، 14ـی کانوونی یەکەمی 2025، هونەرمەند گۆران ساڵح، باسی لە بەرهەمە نوێیەکەی کرد و بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، گۆرانی (هەولێر هاتووم بەڵێن دەدەم) لە ئاوازی خۆمە و لە تێکستی فەرید مەخموورییە، حوسێن دۆسکی کاری ڤیژواڵی بەرهەمەکەی کردووە، میوزیکەکەی نیهاد سابر دایناوە و ڕێناس کورداخ کاری دابەشکردنی میوزیکەکەی کردووە.
گۆران ساڵح ئاماژەی بەوەشدا، ئەم بەرهەمە بەشێوازی مەقام کردوومە، چونکە مەقام و سەڵتەنەت بەشێکن لە مێژووی هەولێر و پێم وابوو بەم جۆرە جوانترە بەسەر ئەم شارە دێرینە هەڵبدەم.
ئەو هونەرمەندە، باسی ئەو ماوەیەی کە بێدەنگ بووە و بەرهەمی نەبووە و کرد و دەڵێت: هۆکار زۆرە بۆ بێدەنگی من، سەرقاڵی ژیان و کار لەلایەک و لەلایەکی دیکەش ئەوەیە نامەوێ بەرهەمی زۆر و بێ کوالێتی تۆمار بکەم، هەمیشە پێمخۆشبووە بەرهەمی کەم و بەڵام پوختم هەبێ، گوتیشی، بێگومان نەبوونی کۆمپانیای بەرهەمهێنانی هونەریی هۆکارێکی دیکەیە لە کەمیی بەرهەم.
گۆران ساڵح، لەساڵی 1985 لە هەولێر لەدایک بووە، بڕوانامەی دبلۆمی لە بەشی شانۆی پەیمانگای هونەرەجوانەکانی هەولێر بەدەستهێناوە، ساڵی 1997 دەستی بەکاری هونەری گۆرانی گوتن کردووە و خاوەنی چەندین بەرهەمی گۆرانییە.
