گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردە وادەی تاقیکردنەوەکان بۆ چەمچەماڵ ئاشکرا دەکات
ئەمڕۆ دووشەممە 15ـی کانوونی یەکەمی 2025، دکتۆر سامان سیوەیلی، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، تاقیکردنەوەکانی کۆتایی وەرزی یەکەم بۆ قۆناغەکانی 4ـی بنەڕەتی تا 12ـی ئامادەیی لە سەرجەم هەرێمی کوردستان بەڕێوە دەچێت. هاوکات هەڵسەنگاندنی چوارەمی بازنەی یەکەمی پۆلەکانی 1ـی 2 و 3ـی بنەڕەتیش لە 21 تا 23ـی ئەم مانگە ئەنجام دەدرێت.
سەبارەت بە دۆخی ناوچە زیانلێکەوتووەکانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ، شۆڕش، تەکیە و ڕزگاری، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردە ئاماژەی بەوە دا، کە لەسەر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەدەمەوەچوونی لێقەوماوان، وەزیری پەروەردە بە سەرۆکایەتیی شاندێک سەردانی ناوچەکەی کرد و ئەو قوتابخانانەی بەسەر کردەوە کە زیانیان بەرکەوتووە.
سامان سیوەیلی ڕاشیگەیاند: "لە سەردانەکەدا ستایشی ڕۆڵی پەروەردەیی و ئەخلاقیی مامۆستایان و بەڕێوەبەرەکان و دامودەزگاکانی سنوورەکەمان کرد کە لە کاتی کارەساتەکەدا بەدەم خەڵکەوە چوون."
ڕوونی کردەوە، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ پەروەردەی سلێمانی و چەمچەماڵ، وەزیری پەروەردە دەسەڵاتی تەواوی داوەتە بەڕێوەبەرانی پەروەردەی سلێمانی و چەمچەماڵ بۆ بڕیاردان لەسەر کاتی دەستپێکردنەوەی دەوام و ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکان لەو ناوچانەی کە زیانیان بەرکەوتووە کە 12 قوتابخانەن، کوردستانفاوندەیشن قوتابخانەیەک نۆژەن دەکاتەوە و بەخشەرێکیش قوتابخانەیەک ئەوی دیکە حکوومەتی هەرێمی کوردستان نۆژەنی دەکاتەوە. وەکو دەستپێک بڕی 50 ملیۆن بۆ نۆژەنکردنەوە تەرخان کراوە.
بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی سلێمانیش ڕاسپێردراوە بە دابین کردنی کتێب بۆ ئەو کەسانەی کە کتێبیان زیانی بەرکەوتووە. لە چەمچەماڵ دەوام ڕاگیراوە بەهۆی لافاوەکەوە تا کوو 4ـی مانگی کانوونی دووەم لە سنووری چەمچەماڵ هیچ دەوامێک ناکرێت 11ـی کانوونی دووەمیش دەست دەکرێت بە تاقیکردنەوەکان لەو سنوورە.
