قەیرانی دەرمان و هاڕەکردنی تومەن هەڕەشە لە ژیانی نەخۆشانی ئێران دەکەن

دابەزینی بەردەوامی بەهای تومەن لە لایەک و  قەیرانی دەرمانە سەرەکی و پێویستەکان و خراپ بەڕێوەبردنی سیستەمی دڵنیایی لە لایەکەی دیکە، بوونەتە گەورەترین هەڕەشە لەسەر کۆمەڵگەی ئێران.

دووشەممە، 15ـی کانوونی یەکەم 2025، هادی ئەحمەدی، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەرایەتیی کۆمەڵەی دەرمانسازانی ئێران، بە ئاژانسی هەواڵی 'ئیلنا'ـی ڕاگەیاند "بازاڕی دەرمان لە کاڵاکانی دیکە جیا نییە و کاتێک ڕۆژانە بەهای دراوی بیانی بەرز دەبێتەوە و هیچ سەقامگیرییەک لە بازاڕی دراودا نەماوە؛ بێگومان ئەم دۆخە کاریگەریی ڕاستەوخۆ لەسەر نرخی دەرمان دەبێت."

خراپیی باری ئابووریی خەڵک

ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەرایەتیی کۆمەڵەی دەرمانسازان، نیگەرانیی خۆی لە خراپبوونی باری ئابووریی خەڵک دەربڕی و گوتی: ئێستا زۆرێک لە نەخۆشان بەهۆی بەرزبوونەوەی لەڕادەبەدەری نرخی دەرمانەکان، توانای کڕینی هەموو ئەو دەرمانانەیان نییە کە بۆیان نووسراوە؛ لە ئەنجامدا یان دەرمانەکە بە ناتەواوی دەکڕن یان بە گشتی لە کڕینی پەشیمان دەبنەوە، کە ئەمەش پرۆسەی چاکبوونەوەیان تێک دەدات و لە کۆتاییدا دەبێتە هۆی زیادبوونی تێچووەکانی چارەسەر.

ئەحمەدی، ڕەخنەی لە دامەزراوەکانی بیمە گرت و گوتی: بەداخەوە بیمەکان کە دەبێت بەرزبوونەوەی نرخی دەرمان لە ئەستۆ بگرن، کەچی ئەوان پابەندی بەڵێنەکانیان نابن و زۆرترین گوشار لەم دۆخەدا کەوتووەتە سەرشانی نەخۆشەکان.

ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەرایەتی کۆمەڵەی دەرمانسازان، سەبارەت بە کەمیی دەرمان لە بازاڕدا گوتی: زۆرێک لەو دەرمانانەی کە پێشتر بە ئاسانی دەست دەکەوتن، یان کەم بوونەتەوە یان بە شێوەی پشک دابەش دەکرێن. بۆ نموونە حەبی «پردنیزۆلۆن» کە دەرمانێکی گشتییە و بۆ چارەکردنی هەوکردنی قورس، بە تایبەتی ئەوانەی گیرۆدەی ماددە هۆشبەرەکانن، ئێستا زۆر بە کەمیی لە دەرمانخانەکاندا دەست دەکەوێت. ئەمە لە کاتێکدایە کە چاکسازیی لە نرخی دەرماندا، سنوور و ئەندازەیەکی هەیە و نابێت بە جۆرێک بێت کە نرخەکان هێندە بەرز ببنەوە کە نەخۆش چیتر توانای کڕینی نەبێت.

ڕێکخراوەکانی بیمە لە وڵاتدا کارامە نین

ئەحمەدی، جەختی لە ناکارامەیی سیستەمی بیمەی وڵات کردەوە و گوتی: بەداخەوە ڕێکخراوەکانی بیمە لە وڵاتدا کارامە نین و تا ئەو کاتەی ئەم ڕێکخراوانەی بیمە یەک نەخرێن، کێشەکانی کەرتی تەندروستی  و دەرمان بەردەوام دەبن.

ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەرایەتی کۆمەڵەی دەرمانسازان، هۆشداریی لە داهاتووی بازاڕی دەرمان دا و گوتی: پێشبینی ئێمە ئەوەیە کە ئەگەر دۆخەکە بەم شێوەیە بەردەوام بێت، لە دوو بۆ سێ مانگی داهاتوودا ڕووبەڕووی کەمیی لە ڕادەبەدەری زۆرێک لە دەرمانەکان، تەنانەت دەرمانە گشتییەکانیش دەبینەوە، چ بگات بە دەرمانە پسپۆڕییەکان.

ڤاکسینی ئەنفلۆنزا بە ژمارەی پێویست هاوردە نەکرا

ئەحمەدی، ئاماژەی بە بابەتی ڤاکسینی ئەنفلۆنزا دا و ڕایگەیاند "ڤاکسینی ئەنفلۆنزا لە کاتی خۆیدا گەیشتە وڵات، بەڵام بە ژمارەی پێویست هاوردە نەکرا؛ بۆ نزیکەی 90 ملیۆن کەسی دانیشتووی ئێران، تەنیا دوو بۆ سێ ملیۆن ڤاکسین هاوردە کرا، ئەو بڕەش لە کاتی خۆیدا و بە ڕێکی دابەش نەکرا و ئەنجامەکەشی وەک دەیبینین بڵاوبوونەوەی خێرا و زۆری ئەنفلۆنزایە لە وڵاتدا.

شایانی باسە، نرخی دراوە بیانییەکان لە بازاڕەکانی تاراندا ڕیکۆردێکی مێژوویی تۆمار کردووە، بە جۆرێک، ئەمڕۆ، 100 دۆلاری ئەمەریکی بە 12  ملیۆن و 969 هەزار تومەن لە بازاڕەکانی ئێراندا مامەڵەی پێوە دەکرێت و نرخی هەزار دیناری عێراقی گەیشتووەتە 99 هەزار تومەن.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل