تەرمی مامۆستا ئاڤێستا ڕادەستی خانەوادەکەی کرایەوە

دوای ئەنجامدانی ڕێکارە یاساییەکان بۆ ناسینەوەی تەرمی "ئاڤێستا یوسف" لە لایەن پزیشکی دادی هەولێرەوە، تەرمی "مامۆستا ئاڤێستا" بۆ ئەوەی بە خاک بسپێردرێت، ڕادەستی خانەوادەکەی کراویەوە . 

ئەمڕۆ دووشەممە 15ـی کانوونی دووەمی 2025، ئەحمەد عەبدولسەمەد، پەیامنێری کوردستان24، ڕایگەیاند، دوای ئەوەی ئێوارەی دوێنێ لە لایەن بەرگریی شارستانی و لایەنە پەیوەندارەکانەوە تەرمێک لە زێی گەورەدا دۆزرایەوە، تەرمەکە ڕەوانەی پزیشکی دادی هەولێر کرا، دوای ئەنجامدانی ڕێکارە یاسایی و پزیشکییەکان، دەرکەوت ئەو تەرمەی دۆزراوەتەوە، مامۆستا ئاڤێستایە کە لە مانگی سەرەتا نیسانی ئەمساڵ، لە دەڤەری مێرگەسوور خنکابوو ، ئەمڕۆ تەرمەکەی ڕادەستی خانەوادەکەی کرایەوە. 

لە مبارەیەوە باوکی مامۆستا ئاڤێستا، بۆ کوردستان24، گوتی:"سوپاسی خوای گەورە دەکەین کە لە کۆتاییدا تەرمی کچەکەم دۆزرایەوە، هەرچەندە کچەکەم بێ گیانە، بەڵام خوای گەورە وەکو دیارییەک پێداوینەتەوە و سوپاسی دەکەین، چونکە ئەوە داخ و کەسەرێکی گەورە بوو لە سەر دڵم، ئەگەر نەدۆزرابوایەتەوە دەبوو هەتا کۆتایی تەمەنم لە سەر ئەو ڕووبارە بە دوای تەرمی کچەکەمدا بگەڕێم".

گوتیشی:"ڕێوڕەسمی بە خاک سپاردنی کچەکەم لە دەڤەری بارزان دەبێت، لەوێ گۆڕی بۆ ئامادەکراوە و بە خاکی دەسپێرین. 

هاوکات سوپاسی هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێم و لایەنە پەیوەندارەکانی کرد، بە تایبەتی هەوڵەکانی سەرۆک بارزانی، دەڵێت:"کچەکەم کچی جەنابی سەرۆک بارزانی بوو، ئەو گەورەی هەموومانە و ئاڤێستا کچی ئەوە، ئامادەبوونی ئەوان لێرە بەشێکی زۆری خەم و ئازارەکانی ئێمەی کەم کردوەتەوە، بۆیە سوپاسی خوای گەورە و سەرۆک بارزانی دەکەم". 

ڕۆژی شەممە، 5ـی نیسانی ئەمساڵ، خێزانێکی دانیشتووی شاری هەولێر بۆ گەشت چوو بوونە سنووری شارۆچکەی مێرگەسۆر، لەو کاتەی کچ و کوڕێکی خێزانەکە بۆ وێنەگرتن لە لێواری ڕووبارەکە سەرقاڵی وێنەگرتن بوون، کوڕەکە کەوتبووە نێو ڕووبار و خوشکەکەشی بە ناوی ئاڤێستا یووسف هەوڵی ڕزگارکردنی براکەی دا بوو، بەڵام براکەی ڕزگاری بوو، ئاڤێستای تەمەن 27 ساڵ لە ڕووبارەکەدا بێسەروشوێن بوو.

دوای پرۆسەیەکی درێژی گەڕانی دەیان تیمی بەرگریی شارستانی و کەسانی خۆبەخش، دواجار لە 5ـی تەممووزی 2025، لە قەراخ ڕووبارەکە نوێژی مردوو لەسەر تەرمی نادیاری ئاڤێستا کراو و کۆتایی بە پرۆسەی گەڕان هێنرا.

دوای زیاتر لە هەشت مانگ، ڕۆژی یەکشەممە 14ـی کانوونی دووەمی 2025، تەرمی مامۆستا ئاڤێستا لە ئاوی زێی گەورەدا دۆزرایەوە، دوای ڕادەستکردنەوەی تەرمەکەی بە خانەوادەکەی لە دەڤەری بارزان بە خاک دەسپێردرێت. 

 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل