د. ڤیان مەحموود زامدار: لە نووسینەکانمدا زمانێکی نەرم و وێنەی شیعریی هاوچەرخ بەکاردەهێنم
نووسەر و شاعیر د. ڤیان مەحموود زامدار، لەو چاوپێکەوتنە تایبەتەیدا لەگەڵ کوردستان24، باس لە بەرهەمە شیعرییەکانی خۆی و تیشک دەخاتە سەر شێواز و پەیامی شیعرەکانی و دەڵێت: شیعرەکانم هەوڵێکن بۆ دۆزینەوەی ئارامی لە نێو جەنجاڵیی ژیاندا و پردێکن لە نێوان زەوی و ئاسماندا.
باسێکی بەرهەمە شیعرییەکانت بکە؟
باسکردنى تێکستى وێژەیى کارێکى ئەکادیمییە، هەرتێکستێک دەشێت لەچەندین ڕووەوە باسبکرێت. لایەنى زمانەوانى، وشەسازى، ڕستەسازى، خاڵبەندى و ئەندێشە، ئەزموونی شیعریی من پرۆسەیەکی دورودرێژ و بەمێژوویە، بەردەوام لە گەشەسەندن و تاوداندابووە، تا لە دوایین بەرهەممدا بە ناوی "زامدار" دەستەبژێرێکم لەو تێکستانەم بڵاوکردەوە، ئەم بەرهەمە، کە وەک وەفایەک پێشکەش بە گیانى مەحموود زامداری باوک و مامۆستام کراوە، پڕۆژەیەکی ئەدەبییە کە تێیدا هەوڵمداوە دایەلێکتیکی نێوان خود و نیشتمان بەرجەستەبکەم، دەکرێت لە دوو ئاستی سەرەکییەوە خوێندنەوە بۆ بونیادی ئەم بەرهەمانە بکرێت وەکو، لە ئاستى سیمیۆلۆژیای ناونیشان و ڕەهەندی نیشتمانیەوە، ناونیشانی کتێبەکە "زامدار" هەر خۆى هەڵگری ئاماژەیەکى فرەمانایە، ئەم زامە تەنیا ئازارێکی تاکەکەسی و ئەویندارى نییە، بەڵکو میتافۆرێکە بۆ جەستەی برینداری نیشتمان و مێژووی پڕ لە تراژیدیای گەلەکەم. لە دەقەکانی وەک گیانێک و هەزار مەرگ وتراویلکە دا، زمان لە ئەرکە سۆزدارییەکەی دەچێتە دەرەوە و دەبێتە ئامرازێک بۆ دۆکیۆمێنتکردنی ئازارە گشتییەکان. هەوڵمداوە ئەو سنوورە دەستکردەی نێوان "ئەڤینیی سۆزدارى" و "ئەڤینی خاک" کاڵبکەمەوە، واتە کاتێک لە دەقەکانمدا باسی ئازار دەکەم، مەبەستم ئازاری مرۆڤی کوردە کە لەسەر خاکەکەی خۆی بەدوای ناسنامەدا دەگەڕێت. لە ڕووى تەکنیک و فرەچەشنیی شێوازیشەوە، لە ڕووی فۆرمەوە، بەرهەمەکانم تێکەڵەیەکن لە "نەفەسی کلاسیک" و "وێنەی شیعریی مۆدێرن"، بۆ نموونە، لە دەقی "دەستاڕی دەوران"دا، گەڕانەوەیەکم کردووە بۆ فەرهەنگی کلاسیکیی کوردی و بەکارهێنانی چەمکی وەک "ساقی، مەیخانە، دەردی هۆشیاری"، بۆ ئەوەی قووڵاییەکی مێژوویی بە دەقەکە ببەخشم وەک دەڵێم: زۆرم کێشاوە جەخار و دەردی ئاگایی و هۆشیار. لەلایەکی ترەوە، لە دەقەکانی وەک "خەندەکانی ژێر خەزان" و "سەمای پێکەوەبوون"دا، زمانێکی نەرمتر و وێنەی شیعریی هاوچەرخ بەکاردەهێنم بۆ گوزارشتکردن لە جوانی و گۆڕانکارییەکانی ژیان. بە کورتی، ئەم بەرهەمانە تابلۆیەکی شیعریشن کە تێیدا ڕەنگەکانی خەمی خود و خەمى خاک و خەڵک ئاوێتەبوون.
پەیامی شیعرەکانی تۆ چییە؟
پەیام بابەتێکى ئاڵۆزە، گەنگەشەکردنیشى جۆرێکە لە خوێندنەوەى ڕاڤەگەرانە. تێکست زیاتر لە پەیامێکى هەیە، بەپێى تیۆرى ڕەخنەى وڵامى خوێنەر، هەر خوێنەرێکى هەر تێکستێک، دەتوانێت مانایەکى نوێ ئاشکرابکات. خوێنەریش پشکدارە لە زیندوکردنەوەى گوتار و بونیاتنانى پەیامى تێکستەکە. ئەگەریش مەبەست لەو پەیامەیە کە من نیازمە بیڵێم لە شیعرەکانمدا، هەر شیعرێک پەیامێک یان زیاترى هەیە. لە "زامدار"دا، تەنیا گوزارشتنەکراوە لە سۆز، بەڵکو خوازیاربووین قوڵتربینەوە و بەپێى توانا و کەرەستەکانى زمان مانیفێستێکی "ڕۆحی و فەلسەفی"ی تایبەت بەخۆمان بخەینەڕوو. دەکرێت جەوهەری پەیامەکەم لە سێ پایەی سەرەکیدا چڕبکەمەوە، کە تێیدا "پرسیاری بوون"و "خەمی نیشتمان" و "ویستی ئازادی" یەکدەگرنەوە وەکو، گەڕان بەدوای مانای بوون و باجی هۆشیاری، پەیامی هەرە سەرەکیی من بریتییە لە پرسیارکردن لە ماهییەتی ژیان و گەڕان بەدوای مانا لە جیهانێکدا کە پڕە لە تراویلکە. لە دەقەکانی وەک ئاوێنە و تراویلکە، پەیامەکەم ئەوەیە کە مرۆڤ بوونەوەرێکە مەحکومە بە گەڕان؛ گەڕان بەدوای وەڵامێک بۆ پرسیارى بۆچی دەژین؟. لەم گەڕانەدا، بڕواموایە کە هۆشیاری باجی هەیە. وەک لە دەقی "دەستاڕی دەوران"دا ئاماژەمپێداوە و دەڵێم: زۆرم کێشاوە جەخار و دەردی ئاگایی و هۆشیاری. بەمپێیە، نوسەر و خوێنەر دەتوانن پەیامى ئەوە بدۆزنەوە کە ئازار دەرهاویشتەی تێگەیشتنە؛ مرۆڤی بەئاگا زامدارە، چونکە لە بۆشایی و بێمانایی ژیان تێدەگات، بەڵام ئەم زامە پیرۆزە چونکە نیشانەی زیندوێتیی ڕۆحە. پەیامی نەتەوەیی و تێکەڵبوونی خود و خاک، لایەنێکی تری پەیامەکەم هەڵگری ڕەهەندێکی نیشتمانییە. ناونیشانی "زامدار" تەنیا ئاماژە نییە بۆ برینی تاک، بەڵکو میتافۆرێکە بۆ جەستەی برینداری نیشتمان. لە دەقەکانی وەک "گیانێک و هەزار مەرگ"دا، پەیامەکەم گوزارشتە لە تراژیدیای نەتەوەیەک کە لەسەر خاکی خۆی مەترسیی سڕینەوەی لەسەرە. من دەمەوێت بە خوێنەر بڵێم: گەڕان بەدوای مانای ژیان بێسوودە ئەگەر مرۆڤ خاوەنی ناسنامە و خاک نەبێت. خۆشەویستیی نیشتمان لای من "شەیداییەکی ئەبەدییە" کە تەنانەت مەرگیش ناتوانێت کۆتایی پێبهێنێت.
وەک شاعیرێکی ئافرەت، چۆن دەڕوانیتە ئازادی ئافرەت لەکۆمەڵگای کوردیدا؟
ئەمە پرسیارێکى تەنگژەئاوەرە. لەلایەکەوە لەڕووى سیمانتیکییەوە، ئازادى لەو وشانەیە کە ماناکەى ناگیرێت. بەگوێرەى کەسەکان، بەپێودانگى کۆنتێکستەکە دەگۆڕێت، هەروکو لە بابەتى پەیامى شیعرەکاندا گوتم، هەر مرۆڤێک لە چوارچێوەى مەعریفەى خۆیەوە ئازادى دەبینێت. بۆ منداڵێک لەوانەیە ئازادى ئەوەبێت بەدڵى خۆى چوکلێت و پسکیت بکڕێت و بخوات، بۆ پێشمەرگەیەک ئازادى دەبێتە پەیوەست بوون بە خاک و شکۆى نەتەوە و سەروەریى کوردى. بۆ زانایەک ئازادى بریتییى لە فەراهەمیى سەرچاوەکانى زانیارى و ڕێگیریلێنەکران لە دەرەنجامەکان. بەکورتى، ئازادى پێناسنەکراوە، لەوانەیە نەزانین چییە، بەڵام دەتوانین مۆرکەکانى ئازادبوون باسکەین. دەتوانین باس لە تێکۆشانى سەر ڕێگاى ئازادیى مرۆڤ بکەین. هەر مرۆڤێکیش بەپێى بارودۆخى خۆى تێدەکۆشێت. تێڕوانینی من بۆ پرسی ئازادیی ئافرەت لە کۆمەڵگای کوردیدا فۆڕمێکى مەعریفیى شوناسساز و بەرخودانکارانەى وەرگرتووە لە جوغزە بوونگەراییەکەیدا، نەک تەنیا لە ڕەهەندە کۆمەڵایەتیەکانیدا. ئازادیی ڕاستەقینەی ئافرەت لە خاڵەوە دەسپێدەکات کە دووبارە جیهان پێناسە بکاتەوە و بەچاوى خۆى بڕوانێتە دونیا و بوون. بۆ ئەمەش مەعریفەیەکى پتەو و فراوانیى ئاسۆکانى بینینى دەوێت. دەبێ بتوانین بەلایەنى کەمەوە نزیکببینەوە لە تێگەیشتنى چەمکەکان. زۆر دەگوترێت کە ئازادیى ئافرەت شکاندنی زنجیرەکانە، بەڵام بەرلەوە و گرنگتر ئەوەیە بزانین"شکاندن" چییە، حاڵیبین "زنجیر" چۆنچۆنییە و لەکوێوە کۆتماندەکات. لەلایەکى دیکەشەوە بەشێکى هەرە بنچینەیی ئازادبوونى ئافرەتان لە خۆناسین و خاوەندارێتی لە دەنگ دایە. بۆ ئەوەى شوێندەستى ئافرەتان لەم زەمینە بناسرێت، پێویستە ئافرەتان دەنگدارى وتارى خۆیان بن. وەکو شاعیرێکی ئافرەت، پێموایە هزر و قەڵەم چەکی سەرەکیی ئازادین. تا ژنی کورد نەنووسێت و گوزارشت لە زام و خەونـەکانی نەکات وەک ناوی کتێبەکەم، ناتوانێت ئازادبێت. ئازادی پرۆسەی گۆڕینی ئافرەتە لە بەرکارەوە بۆ بکەرێکی کارا لە مێژوودا.
شیعرەکانی تۆ لەچی ڕەنگدەداتەوە؟
لە شیعرەکانمدا، گەڕان بەدوای "حەقیقەت" و ونبوون لەنێو خۆشەویستییەکی باڵادا ڕەنگدەداتەوە. شیعرەکانم هەوڵێکن بۆ دۆزینەوەی ئارامی لە نێو جەنجاڵیی ژیاندا و، پردێکن لە نێوان زەوی و ئاسماندا. ئەوەی لە شیعرەکانمدا ڕەنگدەداتەوە، دەنگی ئەوانەیە کە بێدەنگکراون. ئازارە هاوبەشەکان، خەونە تێکشکاوەکان، ئەوساتانەی کە مرۆڤ تێیدا هەست بە تەنیایی دەکات. من تەنیا ئاوێنەیەکم بۆ نیشاندانی ڕووی ڕاستەقینەی کۆمەڵگا. شیعرەکانم نەخشەی ڕۆحی خۆمن، ئەو وشە و هەستانەن کە ناتوانرێت بە قسەی ئاسایی دەرببڕدرێن. ڕەنگدانەوەی جەنگە ناوەکییەکانی مرۆڤن و ئاشت بوونەوەن لەگەڵ ژیان و سروشت. لە شیعرەکانمدا مرۆڤ ڕەنگدەداتەوە، بە هەموو لاوازی و بەهێزییەکانیەوە، بە هەموو تاریکی و ڕووناکییەکانییەوە، بەهەموو گەلان و ڕابوونەوەکانیەوە. ڕایەڵەى نێوان تاک و مرۆڤایەتى و خاک و خەڵک و خۆشەویستى و خەون لە شیعرەکانمدا تەوندەکەم. بەدواى شکۆ و شانازیى مرۆڤەوەم کاتێک یاخی دەبێت لە ژێردەستى و کۆیلایەتى و بەدەم تاسەى ئازادی و سەربەخۆییەوە جۆش و خرۆش دەیگرێت.
بەشێک لەگەنجە شاعیرەکان، وشەی شیعرەکانیان زۆر کرچ و کاڵە، تۆچی دەڵێی لەوبارەیەوە؟
من خۆم لە پێگەیەک نابینم بتوانم حوکم لەسەر نوسەرانى دیکە بدەم، یان بەلایەنى کەمەوە نامەوێت حوکم بدەم. بەشێوەیەکى گشتى و بەردەوام وابووە کە نوسەرى پتەو و ووردو و بەهرەمەند هەبوون، هەروەکو چۆن کەسانێکى دیکە هەبوون وەکو ئەوەى خۆیان بە ژانرەکە هەڵواسیبێت. هەروەکو شێخ ڕەزا دەفەرموێت "بۆتە حەشرى نێرەکەر". شیعر کە وەها مامەڵە لەگەڵ زمان و وشەسارى و ماناسازیدا دەکات، وەکو ئەوەى کەرەستەى دروستکردنەوەى جیهان و بونیاتنانەوەى کەتوار "واقیع" بێت، بۆیە لێهاتوویى لەبوارى زمانەوانیدا و لە ڕستەى فەرهەنگیدا، سەنگى مەحەکە. بەشێوەیەکى گشتى، کاڵبوونەوەى لێهاتوویى زمانەوانى تێبینکراوە لەنێو نەوەى ئێستاماندا. جێگەى داخیشە کە وایە. بەڵام ئەمە ڕاستییەکەیە.
تۆ زیاتر حەز بە شیعری کلاسیک دەکەیت یان نوێ؟
زیاتر حەز بە هیچ کامیان ناکەم، هەروەکو چۆن هیچکامیانم لەویدى کەمتر خۆشناوێت. هەر ستایلێک چێژى تایبەتیى خۆى هەیە. بێگومان شیعرى کلاسیکى کوردی، تژییە لە شاکارى نەمر، بەدرێژایى دەیان و سەدان ساڵ زیندوو ماون و هەرگیز لە مانا و داهێنئامێزیى خۆیان ناکەون. ئەوە جگە لە دەوڵەمەندییان لەڕووى وشە و ئاماژەى و هونەرە سەختەکانى ڕەوانبێژییەوە. خوێندنەوەى تێکستەکانى باباتایەر و نالى و سالم و مەحوى و وەفایى و خانى و جزیرى و مەولەوى و سافی هیرانى و ئەحمەد موختار جاف و هێمن و هەژار و جگەرخوێن و مەولەوى، گەر لەڕیزى کلاسیک هەژماربکرێن، تاهەتایە ئەزموونێکى مانابەرهەمهێنەر و لەبەها نەکەوتوویە، گەر ناوى شاعیرێکم نەهێناوە لەبەر ئەوەیە ناکرێت ئەم هەموو شاعیرە مەزنانە لە دیمانەیەکدا ناوبێنم و ئەوانەى ناویشم هێنان وەکو نمونەبوون. لەلایەکى دیکەوە، شاعیرانى نوێ و سەردەممان هەن، کە هیچیان کەمتر نییە لە کلاسیکەکان. لەهەموو لایەنێکەوە داهێنەرن و، گەر خوازیاربیت ئاشنابوویت بە خەمەکانى مرۆڤى ئێستا و کەرەستەزمانەوانى و فەرهەنگى نوێ و وشەسازیى سەردەمیى زمانى کوردی، ناتوانیت دەسبەردارى تێکستەکانیان بیت. هیچ ژانرێکى وێژەش هێندەى شیعر زیندوو و داینەمیکى نییە، بەردەوام پێشەنگى گۆڕانکاری و نوێبوونەوە بووە. هەر لەبەر ئەوەیە کە دەڵێم، نابێ وەها بیربکەینەوە کە کلاسیک یان نوێ، بەڵکو دەبێ ئێمە تێبکۆشین بۆ ڕەخنەگرتن و هەڵسەنگاندنى هەمەلایەنەى ستایلەکان. دەبێت سەروسۆراخى مانا و جوانیناسى و داهێنەرى بکەین لە هەر تێکستێکدا و لەبەر خاتر و خوایش ئارایش بۆ تێکستى کەس نەکەین.
لە مەحموود زامداری ڕەحمەتی باوکت چی فێر بوویت؟
لەوانەیە خۆمیش نەزانم هەموو ئەو شتانە چین کە لە ڕەوانشاد باوکم، مەحمود زامدارەوە فێریان بووم. مەحمود زامدار نوسەر و وەرگێڕ و شاعیر و زمانناسێکى دەگمەن و کەمهاوتابوو، هەرخۆى قوتابخانەیەک بوو. ئەوە هەموو کەس دەیزانێت، بەڵام سەبارەت بە خۆم، لایەنێک لە کەسایەتیى ئەو دەناسم کە کەمکەس ئاشناین. مەحمود زامدار مرۆڤێکى میهرەبان و مەعشەر خۆش بوو، باوکێکى بەسۆز و هاوڕێیەکى دڵسۆزبوو. مرۆڤدۆست و ژیاندۆست و خاکپەروەر و ژینگەپەروەرێکى عاشقانەى کوردستان بوو. خودایارێکى عاریفانەى سەرگەرم بوو. زۆر شت لەوەوە فێربووم، هەروەک چۆن لەخوێندنەوەى بەرهەمەکانى مەحمود زامدارەوە زۆرێک لە شێوازەکانى نوسین و وشە و ڕستەسازى و ماناسازى و ڕەوانبێژى فێربووم. ئەو ڕێگاکانى نوسینى پیشاندام و پێمى فەرموو دەبێ لەسەر پێیەکانى خۆت ملى ڕێگابگریت و سەختى و دژوارییەکان ببەزێنى. تاوەکو تەمەنیش یاربێت هەر لێیەوە فێردەبم.
پڕۆژەی نوێت چی دەبێت؟
کاتێک پرسیار دەربارەى پڕۆژەکانم دەکەن، زیاتر وەکو شاعیر لێمدەپرسن، بەڵام بۆ خودى من ئەم پرسیارە فرە ڕەهەند و هەمە لایەنەیە. لەبوارى کارى گشتیمدا، من بەڕێوەبەرى پێداگۆجى و خولەکانم لەوەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى، ئەرکى بەرەوپێشەوەبردنى شێوازەکانى فێرکردن و وانە وتنەوە لە زانکۆ و ناوەندە ئەکادیمییەکانى کوردستان بە ئەرکى سەرشانى خۆم دەبینم، چەندین پڕۆژە و چالاکى و کۆنفڕانس و دیدارمان ئەنجامداوە و دەیان مامۆستاى زانکۆمان ڕەوانەى فنلەندا کردووە و بڕوانامەى فەرمیى پێداگۆجییان لە زانکۆى هامک بەدەستهێناوە، ئێستاش لە خەباتداین بۆئەوەى ئەم پێگەیاندنەى کادیرانى پسپۆڕ بەردەوام بێت و زانکۆکانمان بگەیەنینە ئاستى زانکۆ پێشکەوتووەکانی جیهان و مامۆستایانمان بە نوێترین شێوازى زانستیى جیهانی وانەبڵێنەوە. لەبوارى پسپۆڕیشم، چەند توێژینەوەیەکم لەبەردەستدایە کە تاوەکو ئێستا بەهۆى سەرقاڵیمەوە نەمتوانیوە بەکۆتایان بگەیەنم سەبارەت بە ژانرى شیعریى فێمێنیزمى ڕەش، یاخود خانمەهۆزانڤانانى ئەفریقى-ئەمریکى، هەروەها کارمانکردووە لەسەر توێژینەوەکردن دەربارەى خانمەهۆزانڤانانى کورد لەهەرچوار پارچەى کوردستان. لەبوارى نوسینى وێژەیى خۆمیش، دەستم کراوەیە و چەندین بژاردەم لەبەردەمە، چەندین تێکستى شیعریم هەن کە بڵاومنەکردوونەتەوە. کارم لەسەر نوسینى ڕۆمانیش کردووە، بەڵام تاوەکو بڵاویاننەکەمەوە باسکردنى ناوەڕۆکەکەیان بە بەدروستنازانم. گەر تەمەنیش یاربێت، هەمووئەو بەرهەمانەم دەبینن کە باسمکردن و زیاتریش.
د. ڤیان مەحموود زامدار، کچی نووسەری دیاری کۆچکردووی کورد مەحموود زامدارە، هەڵگری بڕوانامەی ماستەرە لە زمان و ئەدەبی ئینگلیزی لە زانکۆی سەڵاحەدین، هەڵگری بڕوانامەی ماستەرە لە کارگێڕی گشتی- ئیتیکی کارگێڕی لە زانکۆی کوردستان- هەولێر، هەڵگری بڕوانامەی دکتۆرایە لە ئەدەبی ئەمریکی شیعری هاچەرخی ژنان لە زانکۆی سۆران. خاوەنی چەندین دەقی شیعری ئەدەبییە و نامیلەکەیی شیعری بەناوی "زامدار" لەمساڵدا بڵاوکردەوە.
