ئێف بی ئای هەوڵێکی تیرۆریستی پووچەڵ کردەوە
ئێف بی ئای لە ئۆپەراسیۆنێکی پێشوەختە و هەستیاردا، ڕێگرییان لە پیلانێکی گەورەی تیرۆریستی کرد کە بڕیار بوو لە شەوی سەری ساڵدا جێبەجێ بکرێت.
نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی (FBI) توانیویەتی دەست بەسەر شانەیەکی توندڕەودا بگرێت کە پلانیان بۆ زنجیرەیەک تەقینەوە لە ویلایەتی کالیفۆرنیا دانابوو.
بەپێی زانیارییەکان، پیلانەکە لەلایەن گرووپێکەوە بە ناوی (بەرەی ئازادیی دوورگەی کیسەڵ داڕێژراوە، کە وەک گرووپێکی چەپی توندڕەو ناسێنراون.
پام بۆندی، وەزیری دادی ئەمەریکا لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، ئێف بی ئای توانیویەتی ئەو پیلانە پووچەڵ بکاتەوە کە بە گەورە و ترسناک وەسفی کردووە.
بەپێی لێکۆڵینەوەکان، گرووپەکە نیازی ئەوەیان هەبووە لە شەوی سەری ساڵدا زنجیرەیەک تەقینەوە لە هەردوو ناوچەی ئۆرەنج و لۆس ئەنجلس ئەنجام بدەن.
ئامانجی سەرەکیی هێرشەکانیش بریتی بوونە لە بەئامانجگرتنی کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتیی کۆچ و گومرگ و تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێلەکانیان، لەگەڵ چەندین شوێنی دیکەی گشتی.
لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکاندا، میدیاکانی ئەمەریکا بڵاویان کردەوە، چوار کەس بە تۆمەتی پیلانگێڕی و بوونی تەقەمەنیی ڕووبەڕووی دادگا کراونەتەوە.
هاوکات لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوشێوەدا لە شاری نیو ئۆرلینز، کەسی پێنجەم دەستگیر کراوە کە پەیوەندیی بەم تۆڕەوە هەبووە.
ئاشکراکردنی ئەم پیلانە لە ئەمەریکا، هاوکاتە لەگەڵ بەرزبوونەوەی مەترسییە ئەمنییەکان لە ناوچەکانی دیکەی جیهان، لە ئوسترالیاش پۆلیس ڕووداوێکی تەقەکردنی لە کەناراوەکانی بۆندی بە کردەوەیەکی تیرۆریستی و دژە جوولەکە ناساند، کە تێیدا پیاوێکی تەمەن 50 ساڵ و کوڕە 24 ساڵانەکەی، تۆمەتبارن بە کوشتنی 15 کەس لە کاتی ئاهەنگگێڕان بە بۆنەی جەژنی حەنوکاوە.
ئەم ڕووداوە لە کاتێکدایە کە دەزگا ئەمنییەکانی ڕۆژئاوا لە ئامادەباشیی تونددان بۆ پاراستنی ئاهەنگەکانی سەری ساڵ، کە زۆرجار دەبنە ئامانجی گرووپە توندڕەوەکان، گرووپی ناسراو بە "Turtle Island" ئاماژەیە بۆ چەمکێک کە لای بەشێک لە گرووپە دژە دەسەڵاتەکان بەکاردێت بۆ ناوهێنانی کیشوەری ئەمەریکای باکوور، زۆرجار ئەم دەستەواژەیە لەلایەن بزووتنەوە چەپەکان و ئەنارکیستەکانەوە دژی سیاسەتەکانی حکوومەتی فیدراڵی بەکاردەهێنرێت، شکستپێهێنانی ئەم پیلانە دەریدەخات کە جگە لە تیرۆری نێودەوڵەتی، هەڕەشەی تیرۆری ناوخۆیی و گرووپە ئایدۆلۆژییە توندڕەوەکان لە ناوخۆی ئەمەریکا بوونەتە ئاڵنگاریی ئەمنیی گەورە بۆ ئیدارەی کۆشکی سپی.
