گڕۆسی: تیمەکانمان دەستیان بە پرۆسەی پشکنین لە بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران کردووەتەوە
سەرەڕای دەستپێکردنەوەی پشکنینەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لە ئێران، بەڵام سکرتێری ئاژانسەکە ئاشکرای دەکات کە کارەکانیان زۆر سنووردارە و ڕێگەیان پێ نادرێت بگەنە ئەو بنکە سەرەکییانەی کە لە "جەنگی 12 ڕۆژە"دا لەلایەن ئەمەریکا و ئیسرائیلەوە کراونەتە ئامانج.
دووشەممە، 15ی کانوونی یەکەمی 2025، ڕافایل گرۆسی، سکرتێری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی "ڕیانۆڤۆستی"ی ڕووسی ڕایگەیاند، تیمەکانیان دەستیان بە پرۆسەی پشکنین کردووەتەوە لە ئێران، بەڵام ڕووبەڕووی ئاستەنگی بوونەتەوە و چالاکییەکانیان لەلایەن دەسەڵاتدارانی تارانەوە بەرتەسک کراوەتەوە.
گرۆسی ئاماژەی بەوە داوە، ڕێگە بە پشکنەرەکانیان نادرێت دەستیان بەو بنکە ئەتۆمییە سەرەکییانە ڕابگات کە لە ماوەی ڕابردوودا و لە کاتی هێرشەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیلدا زیانیان بەرکەوتووە یان کراونەتە ئامانج.
لە بەرانبەردا، ئێران لە دوای کۆتاییهاتنی "جەنگی 12 ڕۆژە"ەوە، پاساوی ڕێگرییەکانی بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە هیچ چوارچێوەیەکی یاسایی و ڕێککەوتنێک بۆ چاوەدێریکردنی ئەو بنکە لێدراوانە بوونی نییە. جەختیش دەکاتەوە، دەبێت ئاژانسی وزەی ئەتۆم سەرەتا لەگەڵیان بگاتە ڕێککەوتنێکی نوێ و چوارچێوەیەکی دیاریکراو بۆ چۆنیەتی مامەڵەکردن و پشکنینی ئەو شوێنانە دابڕێژن، ئینجا ڕێگە بە تیمەکان دەدرێت سەردانیان بکەن.
ڕۆژی 22ی حوزەیران 2025، ئەمەریکا سێ دامەزراوەی ئەتۆمی ئێرانی بە ئامانج گرت کە بریتی بوون لە، وێستگەی پیتاندنی یۆرانیۆمی فۆردۆ، دامەزراوەی ئەتۆمی نەتەنز و ناوەندیی تەکنۆلۆژیای ئەسفەهان لەژێر ناوی "ئۆپەراسیۆنی چەکوشی نیوەشەو".
سێشەممە 9ی ئەیلوولی 2025، ڕێککەوتنێک لە نێوان عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و ڕافایل گرۆسی، بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، لە قاهیرە بە سەرپەرشتی بەدر عەبدولعاتی، وەزیری دەرەوەی میسر، سەبارەت بە میکانیزمی کارکردن لە نێوان ئێران و ئاژانسەکە واژۆ کرا.
بەڵام لە 20ی تشرینی یەکەمی 2025، عەلی لاریجانی، ئەمینداری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران ڕایگەیاندبوو: وڵاتەکەی ئەو ڕێکەوتننامە هاوکارییەی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی هەڵوەشاندووەتەوە کە لە مانگی ئەیلوولی ئەمساڵ واژۆ کرابوو.
