لە سەرۆکایەتییەوە بۆ کورسیی خوێندن

ئەسەد لە مۆسکۆ دەبێتەوە پزیشکیی چاو و پەیوەندییەکانی سنووردار دەکرێن

بەشار ئەسەد و ئەسمای هاوسەری بەر لە ڕووخانی دەسەڵاتەکەی
بەشار ئەسەد و ئەسمای هاوسەری بەر لە ڕووخانی دەسەڵاتەکەی

دوای تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر کەوتنی دەسەڵاتەکەی لە دیمەشق، زانیارییەکان ئاشکرای دەکەن، بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا، ئێستا لە مۆسکۆی پایتەختی ڕووسیا ژیانێکی گۆشەگیر بەسەر دەبات و دەستی بە خوێندنی زمانی ڕووسی و نوێکردنەوەی زانیارییە پزیشکییەکانی کردووەتەوە، لە کاتێکدا دەسەڵاتدارانی کرێملن بەتوندی ڕێگری لە هەر دەرکەوتنێکی میدیایی و سیاسیی ناوبراو دەکەن.

گەڕانەوە بۆ خوێندن و ژیانی ئاسایی

ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی لە ڕاپۆرتێکدا وردەکاریی ژیانی خێزانی ئەسەدی لە مۆسکۆ خستووەتە ڕوو، بەپێی زانیارییەکان، ئەسەد وەک هەوڵێک بۆ گەڕانەوە بۆ پیشە کۆنەکەی، لە هۆڵەکانی خوێندندا ئامادە دەبێت و وانەی تایبەت بە پزیشکیی چاو وەردەگرێت، سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەدەن، ناوبراو پێویستی بە پارە نییە، بەڵام خولیای بۆ پیشەکەی وایکردووە هەوڵی نوێکردنەوەی زانیارییەکانی بدات، بەو ئامانجەی لە داهاتوودا چارەسەری دەوڵەمەندەکانی مۆسکۆ بکات.

خێزانەکەی ئەسەد ئێستا لە ناوچەی (ڕوبلیۆڤکا) نیشتەجێن، کە گەڕەکێکی داخراو و پارێزراوی چینی دەوڵەمەند و دەسەڵاتدارانی مۆسکۆیە، ئەوان لەوێ دراوسێی ڤیکتۆر یانۆکۆڤیچ، سەرۆکی پێشووی ئۆکرانیان کە ئەویش هاوشێوەی ئەسەد پەنای بۆ ڕووسیا بردووە.

پەیوەندییەکان و دۆخی دەروونیی خێزانەکە

سەرەڕای ژیانە شاهانەکەیان، خێزانەکە لە دۆخێکی گۆشەگیریی تونددا دەژین، بەپێی زانیارییەکان، منداڵەکانی ئەسەد تووشی جۆرێک لە شۆک بوون و بە سەختی خۆیان لەگەڵ دۆخەکەدا دەگونجێنن، زۆربەی کاتەکانیان بە بازاڕکردن و کڕینی کەلوپەلی گرانبەها بەسەر دەبەن، حافز ئەسەدی کوڕی گەورەی بەشار، تەواوی ئەژمارەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان داخستووە و بە ناوی خوازراوەوە چالاکە.

لە ڕووی تەندروستییەوە، ئەسما ئەسەد کە پێشتر تووشی شێرپەنجەی خوێن ببوو، دوای وەرگرتنی چارەسەرێکی تاقیکاری لەژێر سەرپەرشتیی دەزگا ئەمنییەکانی ڕووسیا، دۆخی باشتر بووە، تەنیا دەرکەوتنی خێزانەکەش بەیەکەوە (بەبێ بەشار)، لە ئاهەنگی دەرچوونی زین ئەسەدی کچيان بووە لە زانکۆیەکی باڵای مۆسکۆ لە مانگی حوزەیرانی ڕابردوودا.

سیاسەتی ڕووسیا و قەدەغەکردنی میدیا 

خاڵی جێی سەرنج لەم دۆخە نوێیەدا، مامەڵەی ساردی ڤلادیمێر پوتینی سەرۆکی ڕووسیایە لەگەڵ ئەسەد، کە وەک کەسایەتییەکی پەراوێزخراو تەماشای دەکات، ئەسەد هەوڵی داوە لە ڕێگەی میدیاکانەوە قسە بکات و تەنانەت پلانی هەبووە لەگەڵ کەناڵی (ڕووسیا تودەی) و پۆدکاستێکی ئەمەریکی دەرکەوێت، بەڵام مۆسکۆ ڕێگەی نەداوە.

لەم چوارچێوەیەدا، بروس کۆتراشیڤ، باڵیۆزی ڕووسیا لە عێراق، کە نوێنەرایەتیی دیپلۆماسیی مۆسکۆ دەکات لە بەغدا و پەیوەندیی بە دۆسیەکانی ناوچەکەوە هەیە، بەمدواییانە پشتڕاستی کردەوە، سەرۆکی پێشووی سووریا بە فەرمی لە هەر جۆرە چالاکییەکی گشتی و میدیایی قەدەغە کراوە، ئەم لێدوانەی باڵیۆزی ڕووسیا لە عێراق، ئاماژەیە بۆ ئەوەی مۆسکۆ نایەوێت بوونی ئەسەد ببێتە هۆی تێکدانی پەیوەندییە نوێیەکانی لەگەڵ حکوومەتە نوێیەکانی ناوچەکە و عێراق.

تەنانەت لە کاتی کەوتنی دیمەشقدا، پەیوەندیی نێوان بەشار و ماهر ئەسەدی برای پچڕا بوو، بە جۆرێک کاتێک چەکدارەکان چوونەتە ناو کۆشکەکەی، هێشتا پشکۆی نێرگەلەکەی بەشار گەرم بووە، کە ئاماژەیە بۆ هەڵاتنی لە دوا ساتەکاندا.

 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل