سەرچاوەیەک: 90%ـی کێشەکان چارەسەر بوون؛ گەرەنتیی ئەمنی دەدرێتە ئۆکرانیا

سەرۆکی ئۆکرانیا گفتوگۆکانی لەگەڵ ئەمەریکا بە "سەخت بەڵام بەرهەمدار" وەسف دەکات و داوای سەروەتە سڕکراوەکانی ڕووسیا دەکات. هاوکات سەرچاوەکان ئاشکرای دەکەن کە بنەمای ڕێککەوتنەکە دابینکردنی گەرەنتیی ئەمنی بەهێزە بۆ ئۆکرانیا و دۆناڵد ترەمپیش گەشبینە بەوەی مۆسکۆ مەرجەکان قبووڵ دەکات.

دووشەممە 15ـی کانوونی یەکەمی 2025، ڤۆلۆدیمێر زیلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا لە بارەی ئەنجامی کۆبوونەوەکانی لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریکا لە بەرلین کە دوو ڕۆژە بەردەوامە گوتی: ئەگەر ڕاستگۆبم ئەم گفتوگۆیانە هەرگیز ئاسان نەبوون، بەڵام زۆر بەرهەمداربوون و وردەکاری زۆر باس کرا.

زێلێنسکی داواش دەکات، ئەو سەروەت و سامانەی ڕووسیا دەستی بەسەر گیراوە و سڕکراوە، دەبێت بۆ بەهێزکردنی بەرگریی ئۆکرانیا بەکار بهێنرێت. ڕاشگەیاند: گفتوگۆی پێویست لەسەر پرسی خاک کراوە، ئەگەر بە ڕاشکاوی بڵێم، پێم وایە هێشتا بۆچوونی جیاوازمان هەیە، بەڵام بڕوام وایە هاوکارەکانم گوێیان لە هەڵوێستی تایبەتیی من بووە.

فرێدریک مێرتز، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا لەو بارەوە دەڵێت: ئەگەر لەو هەوڵە سەرکەوتوو نەبین، ئەوا توانای یەکێتیی ئەوروپا بۆ چەند ساڵی داهاتوو زیانێکی زۆری پێدەگات و گلەییەکی زۆرمان دێتە سەر کە ناتوانن بە یەکگرتووی کار بکەین و بەرگریی لە یەکدی بکەین.

باسی لەوەش کرد، کۆبوونەوەکانی ئۆکرانیا و ئەمەریکا دەرفەتی باشیان بۆ سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی ڕەخساندووە.

ئاژانسی فرانس پرێس لە زاری سەرچاوەیەکی ئەمەریکی بڵاوی کردووەتەوە، بنەمای ڕێککەوتنی نێوان ئۆکرانیا و ڕووسیا دابین کردنی گەرەنتییەکی ئەمنی بەهێزە بۆ ئۆکرانیا، لە شێوەی ماددەی پێنجی ناتۆ بێت، کە دەڵێت: ئەگەر هێرشکرایە سەر ئەندامێکی ناتۆ، وەکوو ئەوە وایە هێرش بکرێتە سەر هەموو ئەندامەکانی ئەو هاوپەیمانییە.

هەروەها سەرچاوەیەکی دیکەی ئەمەریکی بە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، بڕیاری کۆتایی لە بارەی دەستبەرداربوونی خاکی ئۆکرانیا، لە دەست سەرکردەکانی کیێڤ دەبێت.

ئەو سەرچاوەیە دووپاتیشی کردووەتەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا هەموو سەرنجێکی لەسەر ئەوەی جەنگی ئۆکرانیا فراوان نەبێت و نەگاتە ئەوروپا.

دەشڵێت: باوەڕمان وایە ڕووسیا لە کۆتا ڤێرژنی ڕێککەوتنەکە، گەرەنتی ئەمنی ئۆکرانیا قبووڵ دەکات، بە تایبەت ترەمپ لەو باوەڕەیە ڕووسیا بە ماددەی پێنجی ناتۆ ڕازی بکات.

ئەو سەرچاوە ئەمەریکییە ئاماژەشی داوە، ترەمپ بە ئەنجامی کۆبوونەوەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ ئۆکرانیا لە بەرلین گەشبینە، چونکە بە ڕێژەی 90% کێشەکانی چارەسەر کراون.

 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل