توڵای: دەبێت پرسی کورد بخرێتە سەر بنەمایەکی یاسای
هاوسەرۆکی دەم پارتی ئاشکرای دەکات، پرۆسەی ئاشتی دەرگای دیموکراسی بۆ سەرجەم گەلانی تورکیا دەکاتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 15ـی کانوونی یەکەمی 2025، توڵای هاتیمئۆغولاری، هاوسەرۆکی دەم پارتی : دەبێت چارەسەری پرسی کورد بخرێتە سەر بنەمایەکی یاسایی و پێویستە کۆمیسیۆن هەنگاوێک خێراتر بنێت.
توڵای گوتی: ئەم پرۆسەیە دەرگای دیموکراسیکردن بۆ هەموو گەلانی تورکیا دەکاتەوە، هەروەها دەیانەوێت یاسایەکی هەمەلایەنە و تایبەت بە پرۆسەکە دەربکرێت و یاسای سزادراون بگۆڕدرێت.
هەروەها ڕەخنەی لە حکوومەت گرت کە پرۆسەکەی وەستاندووە و باسی لەوە کرد، دەبوو تاوەکوو سەرەتای ساڵ یاسای پێویست دەرکردبا.
پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا
کاتژمێر 03:00ـی دوانیوەڕۆی پێنجشەممە، 27ـی شوباتی 2025، کۆبوونەوەی شاندی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە زیندانی ئیمراڵی بەڕێوەچوو؛ دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکە، شاندەکەی دەم پارتی لە هۆتێل "ئێلیت وۆرڵد"ـی ئیستانبوڵ بە ئامادەبوونی زیاتر لە 300 ڕۆژنامەنووسی ناوخۆیی و بیانی، پەیامەکەی ئۆجەلانی لەبارەی پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان بە هەردوو زمانی تورکی و کوردی بۆ ڕای گشتی خوێندهوه.
لە پەیامەکەیدا ئۆجەلان، داوای چەکدانان و بەستنی کۆنگرەی خۆهەڵوەشاندنەوەی لە پەکەکە کرد؛ ڕاشیگەیاند، بەرپرسیاریەتی ئەم بڕیارە لە ئەستۆ دەگرێت و گەرەنتی گفتوگۆی ئاشتیی دەکات.
هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە
ڕۆژی دووشەممە 12ـی ئایاری 2025، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ڕاگەیەنراوێکدا ئەنجامی 12ـەمین کۆنگرەی بڵاو کردەوە، کە لە ڕۆژانی 5 بۆ 7ـی هەمان مانگ بەستبوویان، لە ڕاگەیەندراوی کۆتایی کۆنگرەدا، پەکەکە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پەیکەری ڕێکخراوەیی و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دا.
جارێکی دیکە و لە ڕۆژی چوارشەممە 9ـی تەممووزی 2025، پەیامێکی دیکەی ڤیدیۆیی عەبدوڵڵا ئۆجەلان سەبارەت بە پرۆسەی چەکدانانی پەکەکە بڵاو کرایەوە.
هەینی 11ـی تەممووزی 2025، پرۆسەی چەکدانانی گرووپێک لە ئەندامانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ئەشکەوتی جاسەنەی سەر بە ناوچەی سوورداشی قەزای دوکان، کە ژمارەیان 30 کەس بوون، وەک نیازپاکی لە بەرانبەر پرۆسەی ئاشتیی تورکیا، چەکەکانیان دانا و سوتاندیان.
کۆمیسیۆنی ئاشتی
هەینی 21ـی تشرینی دووەمی 2025، پەرلەمانی تورکیا بە دەنگی سێ لەسەر پێنجی کۆی ئەندامانی کۆمیسیۆنی هاودەنگی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی بڕیاریدا سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بکەن لە دوورگەی ئیمراڵی.
لە کۆمیسیۆنەکەدا 32دەنگی بەڵێ، 3 دەنگی بێلایەن و 2 دەنگی نەخێر هەبوون.
