پەیوەند جاف: هۆنراوەی گۆرانییەکانی ئێستا هیچ هەستێکی تێدا نییە

هونەرمەندی گۆرانیبێژ پەیوەند جاف، لەو چاوپێکەوتنە تایبەتەیدا لەگەڵ کوردستان24، باس لەگۆرانیبێژە گەنجەکانی ئێستا دەکات و تیشک دەخاتە سەر نوێترین بەرهەمی خۆی و دەڵێت: بەرهەمێکی نوێم هەیە بەناوی "ئاخۆ کەی دێ" ئەو گۆرانییە 32 ساڵ پێش ئێستا گوتوومە، لە ئێستادا نوێم کردۆتەوە و بڕیارە لەساڵی 2026 بڵاویبکەمەوە.

بەومداییانە گەڕایتەوە کوردستان، هۆکاری گەڕانەوەکەت چییە؟ بۆ کاری هونەرییە یان بیری نیشتیمانی خۆت کرد؟ 
من هەموو ساڵێک دەگەڕێمەوە کوردستان و چەند مانگێک لێرە دەبم، بەڵام لەگەڵ گەڕانەوەکەمدا، بیری نیشتیمان و کوردستان و خاک دەکەم، هەروەها هەموو کاتێک کە دەگەڕێمەوە کوردستان، هەندێک بەرنامە و پڕۆگرامی هونەری دەکەم، هەم لەڕووی کلیپ و تۆمارکردنی گۆرانی و چاوپێکەوتنی کەناڵی تەلەفزیۆنی.

ئێستا ژیری دەستکرد تەواوی جومگەکانی ژیانی گرتۆتەوە بە هونەریشەوە، چی دەڵێی دەربارەی ژیری دەستکرد؟
ژیری دەستکرد، دەنگی هەموو گۆرانیبێژەکانی بەجۆرێک لەجۆرەکان لە بەهاکەی کەمکردۆتەوە، کە گۆرانیبێژ ناتوانێت ئەو هەستە بەشێوەیەکی تەواو پێشکەش بکات، ڕاستە دەنگەکە بەو دەچێت، بەڵام دەنگەکەی شێواندووە و لەبەهای ناوەڕۆکی هونەرەکە دەبات، تەنانەت بۆ شیعریش ئەو هەستە کاڵ بۆتەوە و نەماوە، ئێستا دەتوانیت بە ژیری دەستکرد بڵێی شیعرێکم لەسەر خاک و نیشتیمان بدەرێ دەیان لاپەڕەت دەداتێ، بۆیە ئەوە بۆچوونی منە کە ژیری دەستکرد کاریگەرییەکی زۆر نەرێنی لەسەر کارە هونەرییەکان هەیە.

ساڵی 2013، هەموو چالاکییە هونەرییەکانی خۆت ڕاگرت بۆ ماوەیەک، هۆکارەکەی چی بوو؟
لەساڵی 2013 و 2014 بەهۆی کۆچکردنی مامۆستا شێرکۆ بێکەس و دایکی ئازیزم، بۆ ماوەیەک هەموو چالاکی و بەرهەم و کۆنسێرت و ئاهەنگەکانم وەستاند، چونکە بەهیچ شێوەیەک نەمدەتوانی هیچ کارێکی هونەری بکەم، چونکە کۆچکردنی ئەو دوو ئازیزەم بۆمن زۆر کارەسات بوو، بەڵام ئیتر ئەوە ژیانە، ناتوانیت تاهەتایە لەناو ئەو خەم و ئازارەدا بژیت، بەڵام دوای ماوەیەک بێدەنگیم، دواتر دەستم بەکاری هونەری کردەوە، لەبەر ئەوەی کاری هونەریمان هەڵبژاردووە بۆیە دەبێ بەردەوامی پێبدەین.

ئەزموونی دەرەوەی وڵات، چی شتێکی لەژیانی هونەری تۆ گۆڕی؟
دەرەوەی وڵات قوتابخانەیەک بوو بۆ من بەتایبەت بۆ کارە هونەرییەکانم، بۆ خۆم، بۆ ئەزموونی ژیانم، من لەتەمەنێکی گەنجییەوە بەرەو دەرەوەی وڵات ڕۆشتم، بەهەموو قۆناغەکانی ژیانم تێپەڕیوم، بەڵام گرینگ ئەوەیە مرۆڤ لەبەهای خۆی کەمنەکاتەوە و بتوانێت جێگەی خۆی بکاتەوە گەر لەهەر بوارێکدا بێت، بۆمن دەرەوەی وڵات دەرگایەکی زۆر کراوەبوو، کە توانیم لەوێ کاری زۆرباش بکەم و گوێگرانم لەکوردستان دڵخۆش و ئاسوودە بکەم.

چۆن دەروانیتە هۆنراوەی بەشێک لە گۆرانییەکانی ئەو سەردەمە، پێتوانییە دەبێ فلتەرێک هەبێت بۆ ئەو گۆرانییانە؟ 
ئەو هۆنراوانەی ئەی سەردەمە کە بۆ گۆرانییەکان بەکاردێت، دەتوانم بڵێم وەکو ڕێکخستنی وشە وایە بەیەکەوە و هیچ هەستێکی تێدا نییە و لەسەر زاری هیچ گوێگرێک نامێنێتەوە، ئەوە زۆر گرینگە کە دەبێ گۆرانی بۆ کاتێکی زۆر بمێنێتەوە،  نەک تەنیا بۆ چەند ڕۆژێک بێت و کۆتایی بێت، ئەوە پەیوەندی هەیە هەم لەڕووی تێکستەکەوە، هەم لەڕووی ئاوازی گۆرانییەکەوە کە ڕۆڵی خۆی دەبینێت.

چی پەیامێکت بۆ گۆرانیبێژە گەنجەکانی ئێستا هەیە؟
من ڕێزم بۆ گۆرانیبێژە گەنجەکانی ئێستا هەیە و هیوای کار و بەرهەمی زۆرباشیان بۆ دەخوازم، بەڵام بەداخەوە کارەکان زۆر تێکەڵ بوون، باش و خراپ بەیەکەوە تێکەڵ بووە، تازە ئەو کارانەش لەدەست دەرچووە، جاران هەر گۆرانییەک تۆمار کرابایە بە فیلتەرێک تێدەپەڕی و ئینجا بڵاودەکرایەوە، بەڵام بەداخەوە ئێستا سۆشیال میدیا زۆر بە نەرێنی کاری لەسەر دەکرێت بەتایبەتی بۆ کارە هونەرییەکان کە لەبەهای هونەر کەمدەکاتەوە.

بەرهەمی نوێت هەیە؟
بەرهەمێکی نوێم هەیە بەناوی "ئاخۆ کەی دێ" ئەو گۆرانییە 32 ساڵ پێش ئێستا گوتوومە، لە ئێستادا نوێم کردۆتەوە و بڕیارە لەساڵی 2026 بڵاویبکەمەوە. ئەو گۆرانییە سەرباز جەمال کاری دابەشکردنی میوزیکی بەرهەمەکەی کردووە، کۆمەڵێک میوزیکژەنی بیانی بەشداریان تێدا کردووە، هەروەها بڕیار فەتاح کاری دەرهێنانی بۆ کلیپەکەم کردووە.

هونەرمەندی گۆرانیبێژ پەیوەند جاف، لەساڵی 1971 لە هەڵەبجە لەدایک بووە، لە ساڵی 1995ەوە کاری ھونەری دەکات و خاوەنی چەندین ئەلبوم و ڤیدیۆ کلیپە. ماوەی زیاتر لە 25 ساڵە لە ھەندەران دەژی و ئێستا لە وڵاتی سوید نیشتەجێیە.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل