کەشناسی: شەپۆلێکی بەفر و باران ناوچەکە دەگرێتەوە و پلەکانی گەرما دادەبەزن

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان، پێشبینییەکانی کەشوهەوای بۆ 48 کاتژمێری داهاتوو بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، گۆڕانکاری بەسەر کەشوهەوادا دێت و لە بەشێک لە ناوچەکان بەفر و باران دەبارێت.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی کەشناسی، ئەمڕۆ سێشەممە 16-12-2025، لە هەندێک ناوچە تەمێکی چڕ دروست دەبێت کە کاریگەرییەکەی تا کاتەکانی نیوەڕۆ دەمێنێتەوە، بەتایبەت لە سنووری پارێزگای هەولێر. هاوکات لە سنووری پارێزگای دهۆک و ناوچە شاخاوییەکان ئاسمان هەوری تەواو دەبێت لەگەڵ نمەباران و بارینی بەفر لەسەر لووتکەی شاخە بەرزەکان.

کەشناسی ئاماژەی بەوەشکردووە، کاریگەری نزمە پاڵەپەستۆکە لەسەر بەشێک لە قەزای شنگال و شاخی شنگال لە بەرزی 1400 مەتر دەردەکەوێت و ئەگەری بەفربارین هەیە، ئەم دۆخەش تا کاتەکانی شەو بەردەوام دەبێت. سەبارەت بە پلەکانی گەرماش، پێشبینی دەکرێت بەراورد بە دوێنێ کەمێک دابەزین بەخۆیەوە ببینێت.

پێشبینیش دەکات کەشوهەوای سبەی چوارشەممە 17-12-2025، ئاسمان بەگشتی نیمچە هەور بێت و لە بەیانی زوودا ئەگەری دروستبوونی تەم لە ناوچە شاخاوییەکان هەیە، هەروەها لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکان ئەگەری کەمێک بەفربارین هەیە.

بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بۆ ئەمڕۆ بە پلەی سیلیزی

هەولێر: 13 پلەی سیلیزی

سلێمانی: 12 پلەی سیلیزی

دهۆک: 12 پلەی سیلیزی

زاخۆ: 13 پلەی سیلیزی

کەرکوک: 15 پلەی سیلیزی

هەڵەبجە: 14 پلەی سیلیزی

سۆران: 9 پلەی سیلیزی

ئاکرێ: 12 پلەی سیلیزی

ئامێدی: 9 پلەی سیلیزی

گەرمیان: 15 پلەی سیلیزی

 

 

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل