قرمزگول بۆ کچە کوردەکەی زاخۆ: بوویتە ویژدانی جیهان و خەونەکەت گەیشتە لووتکەی فیفا
هونەرمەندی ناودار مەحسون قرمزگول لە پەیامێکی پڕ سۆزدا ستایشی نیپەل، کچە بچووکەکەی شاری زاخۆ دەکات و دەنگدانەوەی جیهانیی وێنەکەی بە سەرکەوتنی هێزی یەکخەری تۆپی پێ و خەونی منداڵێک وەسف دەکات، هاوکات ڕایدەگەیەنێت کە دەنگی ئەو کچە کوردە سنوورەکانی تێپەڕاندووە و بووەتە ویژدانی جیهان.
مەحسون قرمزگول لە ڕێگەی هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، ئاماژەی بەوە داوە کە ئەو کچە هاندەرەی زاخۆ بە خۆشەویستییە بێگەردەکەی و بەو خرۆشەی بۆ یانەکەی هەیبوو، توانیویەتی بگاتە گەورەترین شانۆی تۆپی پێی جیهان و لە ئەنجامدا بۆ وەرگرتنی خەڵاتی باشترین هاندەری فیفا (FIFA) دیاری بکرێت.
ئەو هونەرمەندە کە ڕۆژانێک پێش ئێستا بەشێوەیەکی دوور لە چاوی کامێراکان بانگەشەی پشتیوانی بۆ نیپەل کردبوو، سوپاسگوزاریی خۆی بۆ هەموو ئەو کەسانە دەربڕیوە کە بەدەنگ بانگەوازەکەوە هاتوون و پشتیوانیان لەو کچە منداڵە کردووە، بەو پێیەی ئامانجەکە تەنیا دەرکەوتن نەبووە، بەڵکو بینینی ئەو دیمەنانە بووە کە پێشتر فەرامۆش کرابوون.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، قرمزگول پیرۆزبایی ئاراستەی هەمووان کردووە و ئەو دەستکەوتەی تەنیا وەک خەڵاتێک نەبینیوە، بەڵکو بە سەرکەوتنی خەونی منداڵێک و هێزی یەکخەری وەرزشی ناوبردووە و خۆشحاڵی خۆی نیشانداوە کە خەڵک لە تەنیشت نیپەل وەستاونەتەوە.
چیرۆکی نیپەل کاتێک دەستی پێکرد کە وێنە و ڤیدیۆی ئەو کچە منداڵە خەڵکی زاخۆ بە شێوەیەکی فراوان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەوە، کە بە هەستێکی پاک و پڕ لە حەماسەتەوە هانی یانەی زاخۆی دەدا، ئەم دیمەنە سەرنجی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی تۆپی پێی ڕاکێشا و وایکرد ناوی بچێتە لیستی کاندیدانی خەڵاتی باشترین هاندەری جیهان، ئەمەش وەک دەستکەوتێکی گەورە بۆ وەرزشی کوردستان و شاری زاخۆ هەژمار دەکرێت کە لە ڕێگەی پەیامی ئاشتی و خۆشەویستییەوە گەیشتووەتە لووتکەی جیهان.
Zaho’nun Kızı Nipel, Dünyanın Vicdanı Oldu
— Mahsun Kırmızıgül (@Mhsnkrmzgl) December 16, 2025
Bir süre önce Zakho’dan bir kız çocuğu,
saf sevgisiyle,
takımı için attığı çığlıkla, dünyanın en büyük futbol sahnesine çıktı. Ve Nipel, FIFA “En İyi Taraftar” ödülünde seçildi.
Günler önce sizlerden Nipel için destek istemiştim.… pic.twitter.com/tbIRKALi0C
