ئەوروپا خۆی بۆ جەنگ ئامادە دەکات

لە چەند مانگی ڕابردوودا، بەرپرسانی ئەوروپا بەردەوام هۆشدارییان بە هاووڵاتییانیان داوە کە دەبێت بۆ ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگ لەگەڵ ڕووسیا ئامادە بن.

 ئەم پەیامانە لە کاتێکدان کە دانوستانەکان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا بەردەوامن، بەڵام هاوکات ترس و دڵەڕاوکێی ئەمنی لەم کیشوەرە لە هەڵکشاندایە.

کەم هەفتە هەیە تێپەڕێت بەبێ ئەوەی حکوومەتێک یان فەرماندەیەکی سەربازی و ئەمنی لە ئەوروپا، هۆشداری بە ڕای گشتی نەدات سەبارەت بە جەنگێکی چاوەڕوانکراو لەگەڵ ڕووسیا.
ڕۆژنامەی (وۆڵ ستریت جۆرناڵ)ـی ئەمەریکی ئەم دۆخە بە گۆڕانکارییەکی دەروونیی قووڵ وەسف دەکات بۆ کیشوەرێک کە دوای دوو جەنگی جیهانی، خۆی لەسەر بنەمای ئاشتی و خۆشگوزەرانیی ئابووریی هاوبەش بونیاتنایەوە.
لە کۆتایی هەفتەی ڕابردوودا، فریدریش مێرتس، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا، ستراتیژیی ڤلادیمیر پوتینی لە ئۆکرانیا بە ستراتیژییەکەی هیتلەر لە ساڵی 1938 چواند، کاتێک دەستی بەسەر هەرێمی سودێتدا گرت بەر لەوەی زۆربەی بەشەکانی تری کیشوەرەکە داگیر بکات.
ئەم لێدوانە دوای هۆشدارییەکەی مارک ڕوتە، ئەمینداری گشتیی ناتۆ هات کە ڕایگەیاند: جەنگ لەسەر دەرگاکانمانە و دەبێت ئامادە بین بۆ جەنگێک هاوشێوەی ئەوەی باپیرانمان ڕووبەڕووی بوونەوە، ناوبراو ئاماژەی بەوەش دا، ڕەنگە ڕووسیا لە ماوەی 5 ساڵدا ئامادە بێت هێزی سەربازی دژی ناتۆ بەکار بهێنێت.
هەوڵەکانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا، هەستی نائارامیی زیاتر کردووە، پایتەختە ئەوروپییەکان لەوە دەترسن ئۆکرانیا ناچار بە ڕێککەوتنێکی ئاشتیی ناهاوسەنگ بکرێت، ئەوەش دەیکاتە نێچیرێکی ئاسان بۆ هێرشێکی تری ڕووسیا لە داهاتوودا، هەروەها نیگەرانی هەیە کە ئیدارەی ترەمپ، بەو مەیلی گۆشەگیرییەی هەیەتی، لە کاتی هەر هێرشێکدا بە هانای ئەوروپاوە نەیەت.
سیاسەتمەدارانی ئەوروپا هۆشداری دەدەن کە گەڕاندنەوەی زێهنییەتی سەربازی بۆ ناو ڕای گشتی ئاڵنگارییەکی گەورەیە، چونکە بەپێی ڕاپرسییەکان تەنیا یەک لەسەر سێی ئەوروپییەکان ئامادەن بۆ بەرگریکردن لە وڵاتەکەیان بجەنگن.

بەرپرسانی سەربازی ئاماژە بەوە دەکەن، ڕووسیا ئێستا چەکێکی زۆرتر لەوەی بۆ جەنگی ئۆکرانیا پێویستییەتی بەرهەم دەهێنێت، ئەمەش ئاماژەیە کە دەیەوێت بە خێرایی هێزی خۆی بۆ هێرشکردنە سەر ئەوروپا بونیاد بنێتەوە، هەروەها باس لە جەنگی تێکەڵ دەکرێت، کە تێیدا مۆسکۆ بە ئەنجامدانی کاری تێکدەرانە، هێرشی ئەلیکترۆنی و ئاگرکەوتنەوە لە دامەزراوە ئەوروپییەکان تۆمەتبار دەکرێت.

بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم مەترسییە، وڵاتانی ئەوروپا دەستیان بە هەنگاوی کردەیی کردووە، بەشێوەیەک، فەڕەنسا: بەنیازی گەڕاندنەوەی خزمەتی سەربازیی خۆبەخشانەیە بۆ گەنجان، هەروەها ئەڵمانیا سەرقاڵی مەشق و ڕاهێنانە بۆ گواستنەوەی خێرای هێزەکان بەرەو بەرەکانی جەنگ لە ئەگەری هێرشی ڕووسیادا، لەگەڵ ئەوەشدا، ناتۆ و وڵاتانی ئەندام بڕیاریان داوە بودجەی بەرگرییان بۆ 3.5%ـی بەرهەمی ئابووری بەرز بکەنەوە تا ساڵی 2035.

 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل