دۆناڵد ترەمپ گەمارۆی سەر کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی ڤەنزوێلای ڕاگەیاند

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ڕایگەیاند، فەرمانی گەمارۆدانی سەرجەم "کەشتییە نەوتهەڵگرە سزادراوەکان"ی دەرکردووە کە ڕوو لە ڤەنزوێلا دەکەن.

ئێوارەی سێشەممە، ترەمپ لەڕێگەی پۆستێکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە گەمارۆکەی ڕاگەیاند و گوتی: ڤەنزوێلا داهاتی نەوت بۆ دابینکردنی بودجەی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان و چالاکییە تاوانکارییەکانی دیکە بەکاردەهێنێت.

ترەمپ لە پلاتفۆرمی (توث سۆشیال)ی خۆیدا نووسیویەتی: "ئەمڕۆ فەرمانێک دەردەکەم بۆ سەپاندنی گەمارۆیەکی تەواوەتی بەسەر هەموو ئەو کەشتییە نەوتهەڵگرە سزادراوانەی کە دەچنە ناو ڤەنزوێلا یان لێی دەردەچن".

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو کەشتیگەلە دەریاییە گەورەیەی ئەمەریکا کە لە کەناراوەکانی کاریبی جێگیرکراون بەهێزتر دەکرێن، تا ئەو کاتەی ڤەنزوێلا "هەموو ئەو نەوت و خاک و سەروەت و سامانانەی دەگەڕێنێتەوە کە پێشتر لێمانی دزیوە".

هەروەها گوتی: "ڕژێمی ڤەنزوێلا وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی بیانی دەستنیشان کراوە و لەلایەن گەورەترین هێزی دەریاییەوە گەمارۆ دراوە تا ئێستا لە مێژووی ئەمەریکای باشووردا کۆکرابێتەوە".

ترەمپ جەختیشی کردەوە ڤەنزوێلا ڕووبەڕووی شۆکێکی گەورە دەبێتەوە و گوتیشی: "ڕژێمە ناشەرعییەکەی نیکۆلاس مادورۆ نەوتی کێڵگە دزراوەکانمان بەکاردەهێنێت بۆ دابینکردنی دارایی چالاکییەکانی".

هەفتەی ڕابردوو، هێزەکانی ئەمەریکا دەستیان بەسەر کەشتییەکی نەوتهەڵگردا گرت لە کەناراوەکانی ڤەنزوێلا؛ ڕووداوێک کە بە کارێکی نائاسایی دادەنرێت و هاوکاتە لەگەڵ جموجۆڵ و جێگیرکردنی هێزی سەربازی لە ناوچەکەدا.

 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل