فوئاد حوسێن: ئەمەریکا لیستی ناوی گرووپە چەکدارەکانی داوەتە بەغدا

فوئاد حوسێن
فوئاد حوسێن

وەزیری دەرەوەی عێراق وردەکاریی پەیامە هەستیارەکانی واشنتنی بۆ بەغدا ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند، ئەمەریکا لیستی ناوی ئەو کەس و گرووپانەی ڕادەستی حکوومەت کردووە .
فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوە و جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی حەدەس، تیشکی خستە سەر پرسی پێکهێنانی حکوومەتی نوێ و پەیوەندییەکانی لەگەڵ واشنتن.

 ناوبراو ئاشکرای کرد، لایەنی ئەمەریکی لیستی ناوی ژمارەیەک کەسایەتی و گرووپە چەکدارەکانی ڕادەستی حکوومەتی عێراق کردووە، بە گوتەی فوئاد حوسێن، واشنتن لەسەر ئەو ناوانە گفتوگۆ لەگەڵ هیچ لایەنێک ناکات و بەپێی سیاسەت و یاساکانی خۆی مامەڵە دەکات.

سەبارەت بە بەشداری ئەو گرووپانە لە هەڵبژاردن و حکوومەت، وەزیری دەرەوەی عێراق ڕوونی کردەوە، ئەوە پرسێکی ناوخۆیی عێراقە، بەڵام دانی بەوەدا نا کە سیاسەتی سزاکانی واشنتن ڕوونە و ئەوان بەبێ گفتوگۆکردن جێبەجێی دەکەن. هاوکات کێشە ئابوورییەکانی عێراقی نە بەستەوە بە بەشداری لایەنێک لە حکوومەت، بەڵکو هۆکارەکەی بۆ هەڵە لە بنەما و سیاسەتی ئابووری وڵات گەڕاندەوە.

لە تەوەرێکی دیکەی چاوپێکەوتنە ڕۆژنامەوانییەکە، فوئاد حوسێن ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی خۆی لەگەڵ تۆم باراک، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ کاروباری سووریا و لوبنان لە دەوحە ئاشکرا کرد، لەو دیدارەدا نێردە ئەمەریکییەکە دیدگایەکی خستووەتەڕوو، تێیدا جەختی لەوە کردووەتەوە سیستەمی فیدراڵی لە عێراقدا تووشی شکست بووە.

 فوئاد حوسێن ئاماژەی بەوە دا، هەرچەندە گفتوگۆکان بەردەوام دەبن، بەڵام بەشێک لەو پێشنیازانەی تیمە ئەمەریکییەکە دەیخەنەڕوو، لەگەڵ دەستوور و واقیعی سیاسی عێراقدا یەکناگرنەوە.

لەسەر ئاستی ئەمنی و هەرێمی، وەزیری دەرەوە هۆشداریدا لەوەی هەڕەشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر عێراق کۆتاییان نەهاتووە و بەشێکن لەو گرژییە سەربازییەی لوبنان و سووریا و حزبوڵڵای گرتووەتەوە.

 سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان تاران و تەلئەڤیڤیش، دۆخەکەی بە چەقبەستوو وەسف کرد و ڕایگەیاند: ئاڕاستەی ڕووداوەکان بەرەو دیالۆگ نین، بەڵکو بەرەو ئاڵنگاری دەڕۆن، هەرچەندە ئێران خوازیاری شەڕ نییە، بەڵام ئامادەکاری بۆ بەرپەرچدانەوە کردووە.
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدان کە ئیدارەی نوێی ئەمەریکا بە سەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپ سەرقاڵی داڕشتنەوەی سیاسەتێکی نوێیە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دیاریکردنی مارک ساڤایا وەک نێردەی تایبەت بۆ عێراق و تۆم باراک بۆ دۆسیەی سووریا و لوبنان، ئاماژەی ڕوونن بۆ ئەگەری گۆڕانکاری ڕیشەیی لە شێوازی مامەڵەی واشنتن لەگەڵ بەغدا و دۆسیە هەرێمییەکان، بەتایبەتی لە سایەی ئەو جەنگ و ئاڵۆزییانەی کە باڵی بەسەر ناوچەکەدا کێشاوە.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل