هاووڵاتییانی فەڵەستینی خرانە لیستی قەدەغەی گەشتکردن بۆ ئەمەریکا

لە چوارچێوەی هەڵمەتەکانیدا بۆ سنووردارکردنی کۆچبەران، سەرۆکی ئەمەریکا لیستی قەدەغەی گەشتی نوێکردەوە و پێنج وڵاتی دیکەی خستە لیستی ڕەشەوە، هاوکات ڕێکارەکانی هاتنەناوەوەی بۆ دەیان وڵاتی ئەفەریقی و ئاسیایی توندتر کردەوە، لە نێو وڵاتە زیادکراوەکان فەڵەستین لەخۆ دەگرێت.

سێشەممە 16ـی کانوونی یەکەمی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، فەرمانێکی سەرۆکایەتیی نوێی واژۆ کرد کە تێیدا بە پاساوی "پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی"، ڕێکارەکانی هاتنە ناوەوە بۆ ئەمەریکا توندتر دەکاتەوە و بازنەی قەدەغەکردنی گەشتی بۆ زیاتر لە 30 وڵات فراوان کرد.

کۆشکی سپی لەو بارەوە ڕایگەیاندووە، ترەمپ، کە ماوەیەکی درێژە بانگەشە بۆ سنووردارکردنی کۆچ دەکات، ئەم کارەی 'بۆ پاراستنی ئاسایشی ئەمەریکا کردووە.

بەگوێرەی بڕیارە نوێیەکە، قەدەغەی تەواوەتیی هاتنە ناوەوە بۆ هاووڵاتییانی 19 وڵات و هەروەها ئەو کەسانەی هەڵگری بەڵگەنامەی گەشتی فەڵەستین، دەگرێتەوە.

وردەکاریی لیستەکان بەم شێوەیەیە:

قەدەغەی تەواوەتی (لیستی نوێ و کۆن)

لە فەرمانەکەدا پێنج وڵاتی نوێ بۆ لیستی قەدەغەی تەواوەتی زیاد کراون کە بریتین لە: (سووریا، مالی، نەیجەر، بۆرکینا فاسۆ و باشووری سوودان).

هەروەها سنووردارکردنی هەردوو وڵاتی لاوس و سیرالیۆن لە بەشەکییەوە گۆڕدراوە بۆ قەدەغەی تەواوەتی.

ئەم وڵاتانە دەچنە پاڵ لیستی 12 وڵاتەکەی پێشوو کە بریتین لە: (ئێران، ئەفغانستان، یەمەن، سۆماڵ، سوودان، لیبیا، بۆرما، چاد، کۆماری کۆنگۆ، گینیا ئیستوائی، ئێرتریا و هایتی).

سنووردارکردنی بەشەکی (Partial Restrictions):

جگە لە قەدەغەی تەواو، لیستێکی دیکە ڕاگەیەندراوە سنووردارکردنیان بەسەردا دەسەپێنرێت و 15 وڵاتی نوێی بۆ زیاد کراوە، لەوانە: (نەیجیریا، سەنیگال، ئەنگۆلا، تەنزانیا، زیمبابۆی، بەنین، کینیا (کۆتدیڤوار)، مۆریتانیا و چەند وڵاتێکی دیکە).

ئەمەش دەچێتە سەر لیستی وڵاتانی پێشوو کە سنووردارکردنیان لەسەر بوو وەک: (کوبا، ڤەنزوێلا، تۆگۆ و بوروندی).

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل