بەڕێوەبەری کاروباری کۆشکی سپی وردەکاریی گرژییەکانی نێوان ترەمپ و زێلێنسکی ئاشکرا دەکات

سوزی وایڵز، بەڕێوەبەری کاروباری کۆشکی سپی و کەسی نزیکی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا زانیاریی نوێ و نهێنییەکانی پشت پەردەی پەیوەندییەکانی سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا و ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا بۆ گۆڤاری "ڤانیتی فەیر" ئاشکرا کرد.

بەگوێرەی وایڵز، ئەو دەمەقاڵێ و گرژییەی لە "ئۆڤاڵ ئۆفیس" لە نێوان ترەمپ، جەی دی ڤانس جێگری سەرۆک و زێلێنسکی ڕوویدا، ڕووداوێکی لەناکاو نەبووە، بەڵکوو دەرەنجامی کەڵەکەبوونی چەندین کێشەی پێشوەختە بووە، لەوانە کێشەی پرۆتۆکۆلی و ئامادەنەبوون لە چەند کۆبوونەوەیەکدا، وای کردبوو کەشێکی وا دروست ببێت پێکدادان ڕوو بدات.

وایڵز دانی بەوەدا ناوە کە "پەشیمانە" لەوەی ڕێگەی داوە کامێراکان بچنە نێو ژووری کۆبوونەوەکە، چونکە ئەگەرچی ڕەنگە گفتوگۆکە هەر بەو شێوەیە بووایە، بەڵام نەدەبووە دیمەنێکی ئاشکرا بۆ ڕای گشتی. هەروەها ڕەتی کردەوە کە جەی دی ڤانس کۆنترۆڵی خۆی لەدەست دابێت و ڕایگەیاند دەستوەردانەکەی ڤانس بە مەبەست بووە نەک لە تووڕەییەوە.

سەبارەت بە پەیوەندییەکانی ترەمپ لەگەڵ ڕووسیا، سوزی وایڵز دەڵێت پەیوەندییەکە "ناجێگیرە" نەک دۆستایەتییەکی هەمیشەیی. ئاماژەی بەوەش داوە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانی ترەمپ لەگەڵ پوتن لەم خولەی سەرۆکایەتییەدا تێکەڵێک بوون؛ هەندێکیان دۆستانە و هەندێکیشیان گرژ بوون.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، وایڵز باسی لە تێڕوانینی تایبەتیی ترەمپ بۆ جەنگی ئۆکرانیا کرد و گوتی: بە پێچەوانەی بۆچوونی هەندێک لە ڕاوێژکاران کە پێیان وایە پوتن تەنیا بە کۆنترۆڵکردنی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا ڕازی دەبێت، ترەمپ لە گفتوگۆ تایبەتەکاندا بڕوای وایە کە ئامانجی کۆتایی ئەو دەستبەسەرداگرتنی تەواوی خاکی ئۆکرانیایە.

هەینی 28ـی شوباتی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، گرژی لەنێوانیان دروست بوو و بە توندی وەڵامی یەکتریان دایەوە.

سەرۆکی ئەمەریکا، بە سەرۆکی ئۆکرانیای ڕاگەیاندبوو، هەڵوێستێکی باشت نییە و لە هیچ پێگەیەکدا نیت، هەروەها هیچ کارتێکی فشارت نییە.

هەروەها گوتی: "تۆ پێمان مەڵێ چی بکەین و چۆن هەست بکەین، ئێمە دەزانین چۆن کێشە چارە بکەین، ئێمە هەستێکی بەهێزمان هەیە."

 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل