سێرگی ڕیابکۆڤ: ڕووسیا سازش لەسەر هیچ خاکێک ناکات
سێرگی ڕیابکۆڤ، جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا، بە ئاژانسی (تاس)ی ڕاگەیاند؛ لەو دانوستانانەی ئامانج لێیان کۆتاییهێنانە بە جەنگی ئۆکرانیا، ڕووسیا هیچ سازشێکی خاک ناکات.
ڕیابکۆڤ ڕوونی کردەوە؛ هەڵوێستی مۆسکۆ نەگۆڕە و ناوچەکانی دۆنباس و کریمیا و ئەو خاکانەش دەگرێتەوە کە ڕووسیا ناوی "نۆڤۆرۆسیا"ی لێناون.
ئاژانسەکانی هەواڵی ڕووسیا لە لێدوانێکی جیادا لە زاری ڕیابکۆڤەوە بڵاویانکردەوە، مۆسکۆ هێشتا ئاگاداری وردەکاریی ئەو ڕێککەوتنانە نییە کە لە میانی کۆبوونەوەکانی بەرلیندا لە نێوان ئەمەریکا، ئۆکرانیا و یەکێتیی ئەوروپا ئەنجام دراون.
ڕۆژی دووشەممە، سەرکردەکانی 10 وڵاتی ئەوروپی و ئورسۆلا ڤۆن دێرلاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا کۆبوونەوە و پشتیوانیی خۆیان بۆ دانوستانەکانی نێوان ئەمەریکا و ئۆکرانیا دەربڕی.
لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا بڵاوکرایەوە، سەرکردەکانی ئەوروپا ڕایانگەیاند: "بڕیاردان لەسەر هەر سازشێکی خاکی، تەنیا لە دەسەڵاتی گەلی ئۆکرانیادایە و دەبێت دوای بەدەستهێنانی گەرەنتیی ئەمنیی بەهێز بێت".
بەگوێرەی بەیاننامەکەی ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویکردووەتەوە، بەشێک لەو گەرەنتییە ئەمنییانەی ڕێککەوتنی لەسەر کراوە، بریتییە لە پێکهێنانی هێزێک بە سەرکردایەتی ئەوروپا و بە بەشداریی وڵاتانی ئارەزوومەند (هاوپەیمانیی ویست)، کە یارمەتیدەر دەبن بۆ "پاراستنی ئاسمانی ئۆکرانیا و بەرزکردنەوەی ئاسایشی دەریایی، بە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن لە ناوخۆی ئۆکرانیادا".
سەرکردەکانی ئەوروپا و یەکێتیی ئەوروپا پێشنیازی ئەوەشیان کردووە "هێزێکی فرەنەتەوەیی" لەژێر فەرماندەیی ئەوروپادا لە ئۆکرانیا جێگیر بکرێت، هاوکات پشتیوانیی "بەردەوام" بۆ سوپای ئۆکرانیا دابین بکرێت، بە ئامانجی ئەوەی ژمارەی سەربازانی ئەو سوپایە بگەیەنرێتە 800 هەزار سەرباز.
