فیدان: نامانەوێت جارێکی دیکە هێز بەرانبەر هەسەدە بەکاربهێنین

وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، پێویستە ڕێککەوتنی 10ـی ئادار جێبەجێ بکرێت و پرۆسەی تێکەڵکردنی هەسەدە لەگەڵ سوپای سووریا پیویستە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 18ـی کانوونی یەکەمی 2025، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند: پرۆسەی تێکەڵکردنی هەسەدە بە سوپای سووریا پێویستە تەواو بکرێت، چونکە یەکێکە لە بنەما سەرەکییەکانی یەکێتیی خاکی سووریا، نابێت دەستی دەستی بە پرۆسەکە بکرێت بەو هیوایەی دۆخێکی هەرێمی بێتە ئاراوە و پرۆسەکە هەڵوەشێننەوە.

وەزیری دەرەوەی تورکیا گوتی: هەروەها هیوادارین پرۆسەکە لە ڕێگەی دیالۆگ و دانوستان و ڕێگەی ئاشتیانە بەرەوپێش بچێت و نامانەوێت جارێکی دیکە پێویستی پەنابردنە بەر ئامرازە سەربازییەکان ببینین، بەڵام پێویستە هەسەدە لەوە تێبگات کە سەبر و ئارامیی لایەنە پەیوەندیدارەکان تەواو دەبێت.

فیدان گوتیشی: هاوبەشە ئەمەریکییەکانمان ئاگادارن ئەم پرۆسەیە پێویستی بە تەواوکردن هەیە و ئەمە بۆ یەکگرتوویی سوریا زۆر گرنگە، وەک دەزانن هەموو گروپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆن لە سووریا جگە لە هێزەکانی هەسەدە ئێستا کەوتووەنەتە ژێر چەتری وەزارەتی بەرگری، چونکە هێزەکانی هەسەدە بەشێک نەبوون لە پێکهاتە کۆنەکەی ئۆپۆزسیۆن. 

 لە 10ـی ئاداری 2025، مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتیی هەسەدە و ئەحمەد شەرع سەرۆکی سووریا، ڕێککەوتنێکیان واژۆ کرد. بەپێی ڕێککەوتنەکە، دەبێت سەرجەم دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا لەگەڵ دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەتدا یەکبخرێن.

سەرەڕای ئەوەی هەردوولا جەخت لە بەردەوامیی گفتوگۆکان دەکەنەوە، بەڵام پرۆسەی جێبەجێکردنەکە ڕووبەڕووی ئاستەنگ بووەتەوە و هەریەکەیان ئەوی دیکە بە دروستکردنی ڕێگری تۆمەتبار دەکات.

 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل