دیمەشق نەخشەڕێگای تێکەڵکردنەوەی هەسەدە بە سوپای سووریا دەخاتە ڕوو
بۆ یەکەمجار لە دوای واژۆکردنی ڕێککەوتنی ئازاری ڕابردووەوە، حکوومەتی سووریا بە شێوەیەکی فەرمی و نووسراو، پێشنیازی تێکەڵکردنەوەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)ـی بە سوپای وڵاتەکەی خستە بەردەم فەرماندەیی ئەو هێزە، کە تێیدا میکانیزمی دابەشکردنی هێزەکان بەسەر سێ فیرقەی سەربازی و دیاریکردنی پۆستە باڵاکان لە وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆ ڕوون کراوەتەوە، هەسەدەش وێرای بە ئەرێنی وەسفکردنی هەنگاوەکە، ئامادەکاری بۆ ناردنی شاندێک بۆ دیمەشق دەکات.
سەرچاوەیەکی بەرپرس لە هێزەکانی سووریای دیموکرات پشتڕاستی کردووەتەوە، پێشنیازەکەی دیمەشق بە نووسراو گەیشتووەتە دەستیان و وەک کارێکی کردەیی بۆ بەڵێنە زارەکییەکانی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا بۆ مەزڵووم عەبدی دێت.
بەگوێرەی زانیارییەکان، پێشنیازەکە خۆی لە ڕێکخستنی هێزەکانی هەسەدە لە چوارچێوەی سێ فیرقەی سەربازیدا دەبینێتەوە، هاوکات شاندێکی دانوستانکار بەمزووانە سەردانی دیمەشق دەکات بۆ تاوتوێکردنی وردەکارییەکان، کە پێدەچێت تۆم باراک، نێردەی ئەمەریکاش بەشدار بێت.
تەوەری سەرەکیی گفتوگۆکانیش یەکلاکردنەوەی چارەنووسی یەکینەکانی پاراستنی ژنان (YPJ)، دیاریکردنی پۆستە باڵاکان بۆ فەرماندەکانی هەسەدە و چۆنیەتیی تێکەڵکردنەوەی هێزەکانی ئاسایشی ڕۆژئاوا دەبێت بە سیستەمی ئەمنیی نوێی سووریا.
لەلایەکی دیکەوە، تورکیا گوشارەکانی بۆ سەر هەسەدە چڕ کردووەتەوە، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا هۆشداریداوە کە هەرچەندە وڵاتەکەی خوازیاری ئۆپەراسیۆنی سەربازیی نوێ نییە، بەڵام ئارامییان بەرانبەر دواکەوتنی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە خەریکە تەواو دەبێت و پێویستە پرۆسەی تێکەڵبوونەکە خێراتر بکرێت.
ئەم پێشهاتە نوێیە لەسەر بنەمای ڕێککەوتنی 10ی ئازاری ڕابردوو دێت، کە لە کۆشکی گەل لە دیمەشق لەنێوان مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا واژۆ کرا، هەردوولا ڕێککەوتوون لەسەر ئەوەی سەرەتا دۆسیە سەربازی و ئەمنییەکان یەکلا بکەنەوە و ناکۆکییە سیاسی و دەستوورییەکانی وەک شێوازی حوکمڕانی و ڕۆڵی ئیدارەی خۆسەر لە حکوومەتی ڕاگوزەردا بۆ ساڵی داهاتوو دوا بخەن، تاوەکوو زەمینەسازی بۆ متمانەی زیاتر دەڕەخسێت.
