باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە لوبنان نهێنی کۆبونەوەی "میکانیزم" ئاشکرا دەکات
باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە لوبنان، ڕایگەیاند،"ئەندامانی لیژنەی تەکنیکی سەربازیی لوبنان (میکانیزم) پانزەهەمین کۆبوونەوەیان لە نەقورا ئەنجامدا، بۆ بەردەوامبوون لە پشتیوانیی سەقامگیری و گەیشتن بە بڕیاری یەکجارەکی کۆتاییهێنان بە شەڕ".
هەینی 19ـی کانوونی یەکەمی 2025، باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە لوبنان، ڕاگەیەندراوێکدای بڵاوکردووەتەوە، "بەشداربووانی سەربازی دوایین نوێکارییەکانی ئۆپەراسیۆنەکانیان خستەووەتەڕوو، هاوکات تیشکیان خستە سەر بەهێزکردنی هاوکارییە سەربازییەکانی نێوان هەردوولا بە دۆزینەوەی ڕێگەیەک بۆ فراوانکردنی هەماهەنگی، هەروەها هەردوولا هاوڕابوون لەسەر بەرزکردنەوەی توانای سەربازی سوپای لوبنان، کە گەرەنتی ئاسایشی کەرتی لیتانی باشوور لەخۆدەگرێت".
ئاماژەی بەوەشکردووە: "بەشداربووانی کۆبونەوەی "میکانیزم" دووپاتیان کردەوە کە پێشکەوتن لەسەر هەردوو ڕێڕەوی ئەمنی و سیاسی تەواوکەر و گرنگە بۆ دەستەبەرکردنی سەقامگیری و خۆشگوزەرانی درێژخایەن بۆ هەردوولا، هەروەها بەوپەڕی چاوەڕوانییەوە چاوەڕوانی خولی داهاتووی کۆبوونەوە خولییەکانیان دەکەن کە بڕیارە لە ساڵی 2026 ئەنجامبدرێت".
لوبنان لە لێواری قەیرانێکی گەورەدا وەستاوە، لە کاتێکدا ئەو وادەیەی کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، بۆ داماڵینی چەک لە دەستی حزبوڵڵا دیاریکردبوو خەریکە کۆتایی پێدێت، ئەمەش لە کاتێکدایە پێداگری حزبوڵڵا لەسەر پاراستنی چەکەکانی و پەرەسەندنی بەردەوامی چالاکییەکانی ئیسرائیل لە ناوچەکە بەردەوامە، کە لە هەر ساتێکدا بێت دەتوانێت ببێتە هۆی ڕووبەڕووبوونەوەیەکی تەواو.
لەگەڵ بەردەوامی بۆردوومانەکانی ئیسرائیل لە سنوورەکانی باکوور و باشوور و پەرەسەندنی گرژییە سیاسییە ناوخۆییەکان، لوبنان ڕووبەڕووی تاقیکردنەوەیەکی سەخت دەبێتەوە بۆ توانای دامەزراوەکانی بۆ جێبەجێکردنی دەسەڵاتی دەوڵەت و پاراستنی ئاشتی مەدەنی، لە هەمان کاتدا هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی پەرەسەندن و کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان لە لایەن سوپای لوبنانەوە بەردەوامی هەیە، لە کاتێکدا بژاردەکانی دەوڵەت لە بەرامبەر ئاڵۆزی دەسەڵاتی ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا سنووردار و لاواز دەردەکەون.
کۆبوونەوەکە بە بەشداریی ڕێکخەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لوبنان، جینین هێنیس پلاسخارت و نێردەی تایبەتی ئەمەریکا مۆرگان ئۆرتاگۆس، بۆ پشتیوانی لە هێزە چەکدارەکانی لوبنان لە شاری نەقورا بەڕێوەچوو.
ئەمە پانزەهەمین و کۆتا کۆبوونەوەی ئەم ساڵ بوو، هاوکات دەبێتە دووەم دیدار بۆ سیمۆن کەرەم، سەرۆکی شاندی مەدەنی لوبنان و سێ ئەفسەری سوپای ئەو وڵاتە.
ڕاپۆرتە ناوخۆییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، لە یەکەم کۆبوونەوەدا لایەنی ئەمەریکی و لوبنان، چوارچێوەی گشتییان دامەزراندووە، هەروەها لە دوایین کۆبونەوەشیاندا گفتوگۆیان کردووە لە بارەی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی 27ـی تشرینی دووەمی 2024 بۆ میکانیزمەکانی جێبەجێکردنی بڕیارنامەی 1701، لەوانەش پرسی چەکداماڵینی باشووری ڕووباری لیتانی و جێگیرکردنی سوپای لوبنان لەو ناوچەیە.
