ڕۆژئاوای کوردستان.. بەشێک لە موسڵمانان هاوشانی ئێزدییەکان جەژنی ئێزی پیرۆز دەکەن
دوای سێ ڕۆژ لە بە ڕۆژوو بوون، ئێزدییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان جەژنی ئێزییان پیرۆز کرد، کە گەورەترین جەژنی ئایینیی پێکهاتەی ئێزیدییە. لە شارۆچکەی تربەسپی، موسڵمانان هاوشانی خوشک و برا ئێزدییەکانیان بەشدارییان لە جەژنەکەدا کرد و هەندێکیان وەک پشتگیرییەک بۆ پێکەوەژیان، سێ ڕۆژی جەژنەکە گرتوویانە.
لە شارۆچکەی تربەسپی، ئێزدییەکان بە دڵخۆشییەوە پێشوازییان لە میوانەکانیان کرد. فارس شەمو، یەکێک لە کەسایەتییە ئێزدییەکان، بۆ کوردستان24 ئاماژەی بەوە کرد ئەم جەژنە دوای سێ ڕۆژ لە بە ڕۆژوو بوون دێت و تێیدا هەموو تەمەنەکان بەشدارن. دەشڵێت: ئێمە وەک ئێزدی هاوشێوەی مەسیحی و موسڵمانەکان ڕێوڕەسمی خۆمان هەیە؛ لە پارشێوەوە تاوەکوو ئاوابوونی خۆر بە ڕۆژوو دەبین و دواتر جەژن دەگێڕین.
باسی لەوەش کرد، دوای ئەو جەژنە گۆڕانکاری لە کاتی شەو و ڕۆژ دێت، ڕۆژەکان درێژتر دەبن.
یەکێک لە دیمەنە سەرنجڕاکێشەکانی ئەمساڵ، بەشداربوونی موسڵمانانی ناوچەکە بوو لە ڕێوڕەسمەکاندا. محەممەد تەمین، هاووڵاتییەکی موسڵمان، ڕایگەیاند کە وەک نیشاندانی برایەتی، ئەمساڵ هاوشانی ئێزدییەکان بە ڕۆژوو بووە. گوتی: ویستمان بیسەلمێنین کە ئێمە پێکەوەین و هیچ جیاکارییەکی ڕەگەزی و ئایینی لە نێوانماندا نییە؛ ئەمە گوزارشت لەو دیموکراسییەتە دەکات کە لە ناوچەکەماندا هەیە.
جەژنی ئێزی، کە بە گرنگترین جەژنی ئێزدییەکان دادەنرێت، ساڵانە لە ناوەڕاستی مانگی کانوونی یەکەمدا بەڕێوە دەچێت. ڕێوڕەسمەکان لە 16ی کانوونی یەکەم بە ڕۆژووبوونی سێ ڕۆژە دەست پێ دەکەن، کە تێیدا ئێزدییەکان سەردانی گۆڕستانی مردووەکانیان دەکەن و لە ڕۆژی چوارەمدا جەژن دەگێڕن.
ئەمساڵ لە ڕۆژئاوای کوردستان، جەژنەکە تەنیا بۆنەیەکی ئایینی نەبوو، بەڵکوو پەیامێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی بوو بۆ جیهان کە پێکهاتە جیاوازەکانی کورد، عەرەب، ئێزدی و موسڵمان دەتوانن لەژێر یەک چەتردا بە ئاشتی بژین.
