پێشانگە و بازارچەی کارە دەستییەکانی سنە بێ بازاڕە

پێشانگە و بازاڕێکی تایبەت بە کارە دەستییەکان لە گەلەریی "خانە کورد"ـی شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرایەوە، کە چەندین بەرهەمی گلیم و بەڕە، پیشەسازیی دار و چەندین جۆر کەلوپەلی دیکە نمایشکراوە، بەشداربووانی پێشانگەکە داوا پشتیوانی خەڵکی دەکەن. 

بە بۆنەی نزیکبوونەوە لە شەوچلە پێشانگە و بازارچەی تایبەت بە پیشەی کارە دەستییەکان لە شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرایەوە.

لە پێشانگەکەدا کۆمەڵێکی بەرچاو بەرهەمی دەستیی هونەرمەندانی ئەو شارە لە بوارە جیاجیاکانی چنینی گلیم، پیشەسازیی دار، کەرەستەی خۆڕازاندنەوەی ئافرەتان کە بۆن و بەرامی کوردەواریان پێوە دیارە، جلوبەرگی کولتووریی کوردەواری و چەندین بەرهەمی دیکە نمایشکراون.

پەرەستوو زەند کەریمی، خاوەن کارگەی فەرش دەڵێت: ئەم بەرهەم و کارە دەستیانەمان هێناوە و ئومێد دەکەین خەڵکی بێن بیانکڕن، بۆ ئەوەی ببنە پشتیوانیکردنی لە دەچنەکانمان، چونکە ڕەنج و ماندووبوونێکی زۆرمان بینیووە تا بەرهەممانهێناون.

بابەک ئەلیاسپوور، سەرپەرشتیاری گرووپی فێرکاریی هونەری کارزان دەڵێت: ئەمە هونەری بزمارڕێژییە، هەرچەندە لە زۆر شوێنی جیهان ئەم هونەرە هەیە، بەڵام ئێمە لە بری بزمار، بە پەرچ کارێکی ناوازەی هونەریمان کردووە.

سەرباری ئەوەی چەند ڕۆژێکی کەمی ماوە بۆ شەوچلە و لەم پێشانگەیە هەموو جۆرە کەلوپەلێکی ڕازاندنەوە و کولتووریی تایبەت بەم شەوە ئامادە کراوە، بەڵام بازاڕەکە سستیی پێوە دیارە و فرۆشیاران و بەشداربووانی پێشانگەکە دەڵێن؛ فرۆشیان کەمە و بەهۆی قەیرانی داراییەوە هاووڵاتییان توانای کڕینیان وەکوو جاران نەماوە.

زارا مێنبەری، بەڕێوبەری کۆمپانیای پیشە و کاری دەستی دەڵێت: بە داخەوە بەهۆی ئەوەی خەڵکی داهاتێکی ئەوتۆیان نییە و قەیرانی دارایی هەیە، بۆیە کڕیار زۆر کەمە، هەندێک لە فرۆشیارەکان هەن تاوەکوو ئێستا پارچەیەکیشیان نەفرۆشتووە.

گوتیشی: هەندێک لە کڕیارەکان بۆ ڕازی کردنی دڵی منداڵەکانیان، تەنیا توانایان هەیە، پارچە هەرزانەکانیان بۆ بکڕن.

نەبەز مەولانایی، هونەرمەند دەڵێت: ئەمە کارێکی هونەری زەنگیانەکارییە و تازەیە، چەند ساڵێکە لە ئۆکرانیاوە بەرەو وڵاتانی دیکە پەرەی سەندووە، منیش بەم بەرهەمانەی دروستمکردوون لەم پێشانگەیە بەشداریم کردووە، بەڵام بە داخەوە نازانم بەهۆی خراپی باری دارایی یان سەرماوسۆڵەیە، یان هەر هۆیەکی دیکە، بەڵام بە گشتی بێبازاڕییە و پێشوازییەکی ئەوتۆ لە بەرهەمەکان نەکراوە

بەڕێوەبردنی ئەم چالاکییانە دەرفەتێکی باشە بۆ ناساندن و نمایشکردنی بەرهەمە دەستییەکانی هونەرمەندان و کەسانی دەستڕەنگین و خاوەن بەهرە بۆ پشتیوانی لە هونەرەکانیان، هەروەها دەبێتە هۆی گرێدانی پەیوەندیی نێوان کولتووری کوردەواری و پەرەپێدانی ئابووریی پارێزگاکە.

 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل