سووریا دوای بۆردومانەکەی ئەمەریکا: پابەندین بە بەرەنگاربوونەوەی داعش

لە یەکەم لێدوانی فەرمیدا دوای دەسپێکردنی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمەریکا بۆ سەر پێگەکانی داعش لە سووریا، حکوومەتی دیمەشق "پابەندبوونی خۆی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر" دووپاتکردەوە و داوای کرد واشنتن و هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی لەگەڵ سوپای سووریا هەماهەنگی بکەن.

وەزارەتی دەرەوەی سووریا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، دیمەشق بەردەوام دەبێت لە چڕکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دژی داعش لە هەموو ئەو ناوچانەی هەڕەشەن بۆ سەر ئاسایشی وڵات.

سووریا داوای لە ئەمەریکا و وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کرد "پاڵپشتی هەوڵەکانی حکوومەتی سووریا بکەن لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر"، بە مەبەستی پاراستنی مەدەنییەکان و گەڕاندنەوەی سەقامگیری بۆ ناوچەکە.

حکوومەتی سووریا لە ڕاگەیەندراوەکەیدا سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی بنەماڵەی ئەو سەربازە "سووری و ئەمەریکییانە" کرد لە هێرشە تیرۆریستییەکانی هەفتەی ڕابردوودا لە پالمیرا و باکووری سووریا گیانیان لەدەستدا. دیمەشق ئاماژەی بەوە کردووە؛ ئەم زیانە مرۆییانە جەخت لەسەر پێویستی بەهێزکردنی هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان لە شەڕی دژی تیرۆر دەکەنەوە.

لای خۆیەوە بەرەبایەنی ئەمڕۆ شەممە، 20ـی کانوونی یەکەمی 2025، پیت هێگسێت، وەزیری بەرگری ئەمەریکا، ڕایگەیاند؛ هێزەکانیان ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانیان لە دژی داعش ئەنجامداوە، کە تێیدا پتر لە 70 ئامانجی جیاواز لە سەرانسەری ناوەڕاستی سووریا کراونەتە ئامانج. هێرشەکان کە بە بەشداری فڕۆکەی جەنگی، کۆپتەری هێرشبەر و تۆپخانە ئەنجامدراون، ژێرخان و کۆگاکانی چەکی داعشیان کردووەتە ئامانج.

ئەم ئۆپەراسیۆنە وەک وەڵامێکی ڕاستەوخۆ دێت بۆ هێرشەکەی 13ـی کانوونی یەکەم بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە پالمیرا، کە تێیدا سێ سەربازی ئەمەریکی کوژران. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، هێرشەکانی بە "تۆڵەسەندنەوەیەکی زۆر توند" وەسف کرد و جەختی کردەوە مۆڵگەکانی داعش بە توندی دەپێکن.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل