میران بەکر: هێزێکی بەڵتەجی و هەمەجی هێرشیان کردە سەرم
میران بەکر، سکرتێری ڕۆژنامەوانیی وەزیری پێشمەرگە و کادیری پێشکەوتووی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، وردەکاریی ڕووداوی ڕفاندن و ئەشکەنجەدانەکەی شەوی ڕابردووی بۆ کوردستان24 ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند، هێزەکە بە شێوازێکی مەترسیدار و بە کیسەکردنە سەر (تورەگە) مامەڵەیان لەگەڵ کردووە.
میران بەکر بەکوردستان24ـی گوت، "کاتژمێر 11:00ـی شەوی ڕابردوو، لە گەڕەکی شەهیدانی شاری هەولێر (ناسراو بە شەهیدانی یەکێتی) و لە نزیک مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، سەردانی ماڵی هاوڕێیەکم کردبوو. تەنها خولەکێک دوای هاتنە دەرەوەم لە ماڵەکە، هێزێکی مەشقپێکراو پەلاماریان دام."
سەبارەت بە شێوازی دەستگیرکردنەکە، گوتی: "سەرەتا تورەگەیەکیان خستە سەرم و کەلەپچەیان کردم، پاشان خستمیانە نێو ئۆتۆمبێلەکەیانەوە، ئەمە پێشهاتێکی زۆر مەترسیدارە، چونکە تورەگە تەنها دەخرێتە سەر کەسێک کە تیرۆریست بێت. ئەوان وێڕای لێدان و شەق و بۆکس، جنێویشیان پێ دەدام."
میران بەکر ئاماژەی بەوەش دا، بۆ ماوەی سێ کاتژمێر لای خۆیان هێشتوویانەتەوە بێ ئەوەی شوێنەکە بزانێت، دواتر ئۆتۆمبێلەکەیان پشکنیوە و ناسنامەکەیان بردووە. گوتیشی: "ئەو هێزە بە شێوەیەکی بەڵتەجی و دوور لە هەموو بەهایەکی مرۆیی ڕەفتاریان کرد، کەچی دواتر گوتیان هەڵە تێگەیشتن بووە و داوای لێبوردن دەکەین"، دەشڵێت، "لێدانەکەشیان پرۆفیشناڵانە بوو، هێزەکەش هی ئۆپەراسیۆنی دژە تیرۆر و ئاسایشی یەكێتی بوون."
لەبارەی زیانە جەستەییەکانەوە، سکرتێری ڕۆژنامەوانیی وەزیری پێشمەرگە ئاشکرای کرد، "بەهۆی لێدانەکانەوە پەردەی گوێم تەقیوە و شکانم هەیە، لێدانەکانیشیان بە شێوەیەکی پرۆفیشناڵ بوو. من مەمنوون بووم تەنها لێمدەن و بڕۆن، چونکە قسەی سەیر و مەترسیداریان دەکرد."
لە کۆتاییدا میران بەکر هۆشداریدا لەم شێوازە نوێیەی پەلاماردان و گوتی: "ئەگەر تا دوێنێ ڕۆژنامەنووس تەنها شەقی تێهەڵدەدرا، ئێستا تورەگە لەسەرنانیشی هاتە سەر. ئەوەی ڕوویدا هەڕەمەکی نەبوو، چونکە ئەستەمە هێزێک بە چەند خولەکێک بە کەلەپچە و تورەگە و ئۆتۆمبێلەوە ئامادە بێت و بتبات، ئەگەر پیلانەکە داڕێژراو نەبێت."
