هەندرێن خۆشناو بە یەکێک لە 50 باشترین کاریکاتێریستەکانی جیهان هەڵبژێردرا

هونەرمەندی شێوەکار هەندرێن خۆشناو، وەکوو یەکێک لە 50 باشترین و سەرکەوتووترین کاریکاتێریستەکان لەسەر ئاستی جیهان لەم ساڵدا هەڵبژێردرا و گوتی: ئەوە دەستکەوتێکی گرنگی جیهانییە بۆ خۆم و بۆ هونەری کاریکاتێر لە کوردستاندا.

شەممە، 20ی کانوونی یەکەمی 2025، هونەرمەندی شێوەکار هەندرێن خۆشناو، دەربارەی دەستنیشانکردنی لە 50 باشترین کاریکاتێریستەکانی جیهان، بە کوردستان24ی ڕاگەیاند: بە درێژایی ساڵانی کارکردنم لە بواری هونەری شێوەکاری و کاریکاتێر و کارتۆندا، بەردەوام هەوڵمداوە کە گۆڕانکاری و نوێکاری و دەستپێشخەری بکەم و خۆم و ستایل و بیرکردنەوەم پێشبخەم، لە ئاستێک و ستایلێکی دیارکراودا خۆم قەتیس نەکەم، بەردەوام چالاکیم هەبێت، لە ناوەوەی کوردستان و عێراق، هەروەها لە دەرەوەی کوردستانیش بە هەمان شێوە، بەڵکوو زۆر زیاتریش.

هەندرێن خۆشناو باس لەو دەستکەوتە گرنگەی دەکات و دەڵێت: سەبارەت بەم دەستکەوتە، ئەمساڵ زیاتر لە 20 چالاکی و بەشداری نێودەوڵەتیم هەبوو لە زۆرێک لە وڵاتانی جیهاندا، لەپای ئەم بەشداریکردنانەم، ڕێکخراوی ئۆستنی نێودەوڵەتی بۆ هونەرەکانی کاریکاتێر و کارتۆن، کە لە ساڵی 1945 دامەزراوە، ساڵانە ئەم جۆرە چالاکییە نێودەوڵەتییانە ئەنجام دەدەن، خۆشبەختانە ئەمساڵ بەپێی پێوەرەکانی شارەزایانی خۆیان، لە قۆناغی یەکەم منیان وەک یەکێک لە 100 باشترین و سەرکەوتووترین هونەرمەند بژار کرد، لە قۆناغی دووەمیش دیسان وەک یەکێک لە 50 باشترین هونەرمەندی کاریکاتێریستی جیهان دەستنیشان کرد، کە ئەمەش دەستکەوتێکی گرنگی جیهانییە بۆ خۆم و بۆ هونەری کاریکاتێر لە کوردستاندا.

هونەرمەندی شێوەکار هەندرێن خۆشناو، خەڵکی شاری هەولێرە، هەر لە منداڵییەوە بەشداری لە پێشانگەکانی بەڕێوەبەرایەتی چالاکی قوتابخانەکاندا کردووە، لە ساڵی 1986 یەکەم پێشانگای تایبەتی شێوەکاری و دواتر کاریکاتێری خۆی لە هەولێر کردووەتەوە، لە دوای ساڵی 2000 ەوە بەشداری لە چالاکییە نێودەوڵەتییە شێوەکاری و کاریکاتێرییەکاندا کردووە، زیاتر لە 220 چالاکی و بەشداری نێودەوڵەتی، لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا هەیە، چەندین خەڵات و بڕوانامە و ڕێزلێنانی جۆراوجۆری پێبەخشراوە.

 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل