پۆلیسی گەرمیان: 5 کەس بەهۆی شەڕەکەی گوندی خاڵە بەگ دەستگیرکراون
بەرپرسی ڕاگەیاندنی پۆلیسی گەرمیان ئاماری فەرمی قوربانیانی شەڕەکەی دوێنێی یەکێک لە گوندەکانی گەرمیانی ڕاگەیاند و ئاشکرای کرد پێنج تۆمەتبار دەستگیرکراون.
سەربەست مەحموود، بەرپرسی ڕاگەیاندنی پۆلیسی گەرمیان لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان ڕایگەیاند: بەداخەوە بەهۆی ڕووداوەکەی دوێنێی یەکێک لە گوندەکانی گەرمیان، 4 هاووڵاتی گیانیان لەدەستداوە و 7 کەسی دیکەش برینداربوون.
ئاماژەی بەوەش کرد، دەستبەجێ دادوەری لێکۆڵینەوە بڕیاری لێکۆڵینەوەی بۆ ڕووداوەکە دەرکردووە و هێزێکی زۆری پۆلیس بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی ئاسایش گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە و ئەو کەلوپەل و چەکانەی لە شەڕەکەدا بەکارهاتوون دەستیان بەسەردا گیراوە.
سەبارەت بە دەستگیرکردنی تۆمەتباران، سەربەست مەحموود گوتی: لەسەر ڕووداوەکە 5 کەس دەستگیرکراون، کە دووانیان خۆیان ڕادەستی هێزەکانی پۆلیس کردووە.
بەرپرسی ڕاگەیاندنی پۆلیسی گەرمیان ڕوونیشی کردەوە سەرجەم بریندارەکان ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون و دوای وەرگرتنی چارەسەر و باشبوونیان، گوتەیان لێ وەردەگیرێت بۆ ئەوەی هۆکار و وردەکاریی تەواوی ڕووداوەکە ڕوون ببێتەوە.
جەختیشی کردەوە هێزەکانی پۆلیس لە ئامادەباشی تەواودان بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگا و کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە.
دوێنێ هەینی پۆلیسی گەرمیان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کردبوو، لەسەر ڕێگای گوندی "خاڵە بەگ" لە سنووری قەزای ڕزگاری، شەڕ و پێکدادان لەنێوان دوو لایەن کە خزمی یەکترن دروست بوو. هۆکاری شەڕەکە بۆ کێشەیەکی کۆنی زەوی و زار دەگەڕێتەوە.
