ماکرۆن لە ئیمارات ئاهەنگی سەری ساڵ دەگێڕێت
بەشێکی سەردانەکەی ماکرۆن بۆ ئیمارات پەیوەستە بە بەرنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان
ئیمانوێل ماکرۆن، بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە ئیمارات، بە مەبەستی بەسەربردنی پشووی جەژنی سەری ساڵ (کریسیمس) لەگەڵ سەربازانی وڵاتەکەی و کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە.
ڕۆژی یەکشەممە 21ی کانوونی یەکەمی2025، سەرۆکی فەرەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن، گەیشتە ئیمارات و بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی کۆشکی ئێلیزێ، ماکرۆن و کاترین فۆتران، وەزیری بەرگریی فەرەنسا، لە ئەبوزەبی لەگەڵ شێخ محەممەد بن زايد ئال نەهیان، سەرۆکی ئیمارات کۆدەبنەوە.
بڕیارە لە کۆبوونەوەکەدا بەهێزکردنی ستراتیژیی هاوپەیمانیی نێوان پاریس و ئەبوزەبی، بەتایبەتی لە بوارەکانی بەرگری و ئەمنی تاوتوێ بکەن.
ئامانجێکی دیکەی سەردانەکەی ماکرۆن، بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیی ماددە هۆشبەرەکانە لەگەڵ وڵاتانی کەنداو، بە تایبەت لەگەڵ ئیمارات.
لە مانگی تشرینی یەکەمی ڕابردوودا، وەزارەتی دادی فەرەنسا داوای لە دەسەڵاتدارانی ئیمارات کرد، 15 داواکراو ڕادەستی پاریس بکەنەوە، کە تۆمەتبارن بە قاچاخچێتی ماددە هۆشبەرەکان و گومانی ئەوەیان لێدەکرێت لە دوبەی نیشتەجێ بن.
فەرەنسا نزیکەی900 سەربازی لە بنکە دەریایی و ئاسمانییەکانی ئیماراتدا هەیە. ئەم هێزانە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی "شیمال" دژی ڕێکخراوی داعش و هەروەها ئۆپەراسیۆنی ئەوروپی "ئاسپیدس" بۆ پاراستنی هێڵە بازرگانییە دەریاییەکان لە هێرشی حوسییەکان، لە ناوچەکەدا جێگیر کراون.
ئیمانوێل ماکرۆن وەکو نەریتێکی ساڵانە لە جەژنەکانی کریسمیس و سەری ساڵدا، لە دەرەوەی وڵات سەردانی سەربازانی فەرەنسا دەکات؛ ساڵی ڕابردوو سەردانی جیبۆتی کرد و ساڵی پێشتریش لە ئوردن لەگەڵ سەربازانی وڵاتەکەی یادی کریسمس و ئاهەنگی سەری ساڵی گێڕا.
