وردەکاریی قۆناغی نوێی فۆرمی خۆراک؛ "پارەدان بە ماستەر کارد دەبێت"
قۆناغی دووەمی فۆرمی ئەلیکترۆنی خۆراک دەست پێدەکات و مامەڵەکان بە ماستەرکارد دەکرێن.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 21ـی کانوونی یەکەمی 2025، نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە ئەحمەد عەبدولسەمەد، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند، بەم نزیکانە قۆناغی دووەمی پرۆسەی بەئەلیکترۆنیکردنی فۆرمی خۆراک دەستپێدەکات، کە تێیدا هاووڵاتییان دەتوانن منداڵەکانیان تۆمار بکەن و ناوی مردووان بسڕنەوە و گواستنەوەی فۆڕمەکانیان ئەنجام بدەن.
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی ئاماژەی بەوە دا، پرۆسەی بەئەلیکترۆنیکردنی فۆرمی خۆراک لە مانگی حوزەیرانی 2025ـەوە دەستیپێکردووە و تا ئێستا نزیکەی 94%ی هاووڵاتییان فۆڕمەکەیان پڕکردووەتەوە. ئەو گوتی: "هەندێک لە هاووڵاتییان بەهۆی نەبوونی کارتی نیشتمانی یان لە دەرەوەی وڵات بوون نەیانتوانیوە فۆڕمەکانیان نوێ بکەنەوە، بەڵام دوای چارەسەرکردنی ئەو گرفتانە، ئێستا دەتوانن فۆڕمەکانیان پڕبکەنەوە."
نەوزاد شێخ کامیل ئاشکرای کرد، وەزارەتەکەیان لە قۆناغی ئامادەکاریدایە بۆ دەستپێکردنی قۆناغی دووەمی پرۆسەکە و گوتی: "کۆمپیوتەرەکانمان کڕیوە و بڕیارە لەم هەفتەیەدا شاندێکی وەزارەتی بازرگانی عێراق سەردانی هەولێر بکات بۆ ڕێکخستنی سیستەمەکان و ڕاهێنان بە فەرمانبەرانمان."
لە قۆناغی دووەمدا، هاووڵاتییان دەتوانن لە ڕێگەی ئەپڵیکەیشنێکی تایبەتەوە و بە بڕێک پارە، مامەڵەکانی زیادکردنی منداڵ، سڕینەوەی ناوی مردووان و گواستنەوەی فۆرمی خۆراک ئەنجام بدەن. پارەکەش لە ڕێگەی ماستەرکارتەوە دەدرێت و دەگەڕێتەوە بۆ وەزارەتی بازرگانی عێراق.
شایەنی باسە پرۆسەی بەئەلیکترۆنیکردنی فۆرمی خۆراک لە 14 پارێزگای عێراق دەستیپێکردووە و تا ئێستا زیاتر لە 27 ملیۆن هاووڵاتی فۆڕمەکانیان نوێکردووەتەوە.