ئامەد سپۆر دەرگای یاریگای بەڕووی ئافرەتاندا بەخۆڕایی دەکاتەوە
یانەی ئامەد سپۆر، وەک وەڵامێکی بۆ ئەو دروشمە ناشرین و ڕەگەزپەرستانەی ئاراستەی سیاسەتمەداری کورد لەیلا زانا کرابوون، بڕیاریدا لە یاریی داهاتوویدا بەرامبەر یانەی ئیدرسپۆر، هەموو کورسیی یاریگاکە بەخۆڕایی بەڕووی ئافرەتاندا بکاتەوە.
لەو بارەیەوە، شەیدە ئارسلانتاش، جێگری سەرۆکی یانەی ئامەد سپۆر لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: "بە زیادکردنی ژمارەی ئافرەتان لە نێو یاریگادا، باشترین وەڵام بەو هێرشانە دەدەینەوە." ئاماژەی بەوەش کرد؛ هێرشە ڕەگەزپەرستییەکان دژی لەیلا زانا لە ڕاستیدا هێرشکردنە بۆ سەر ناسنامەی ئافرەت، هەر بۆیە ئامەدسپۆر ساڵانێکە خەبات دەکات تا ڕێگری بکات لەوەی چالاکییە وەرزشییەکان بۆ بڵاوکردنەوەی قسەی ڕەگەزپەرستانە و جیاکاریی ڕەگەزی بەکاربهێنرێن.
ئەم بڕیارەی ئامەد سپۆر لە کاتێکدایە کە شەپۆلێکی ناڕەزایەتی بەردەوامە دژی ئەو دروشم و کردەوە ڕەگەزپەرستانە کە لەلایەن کۆمەڵێک لە هاندەرانی بورسا سپۆرەوە ئاراستەی لەیلا زانا کران. ڕووداوەکە لە کاتی یاریی نێوان بورسا سپۆر و سۆما سپۆر لە 16ـی کانوونی یەکەمدا ڕوویدا و کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە.
