دوو كیلۆ مادده‌ی هۆشبه‌ر له سنووری حاجی ئۆمه‌ران ده‌ستی به‌سه‌رداگیرا
تلیاكه‌كه‌ی له‌ناو باری میوه حه‌شارداوه
K24 - هه‌ولێر:
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی نه‌هێشتنی مادده هۆشبه‌ره‌كانی سه‌ر به به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ئاسایش/ هه‌ولێر، رایگه‌یاند، له سنووری حاجی ئۆمه‌ران ده‌ستیان به‌سه‌ر دوو كیلۆ مادده‌ی هۆشبه‌ردا گرتووه، كه كه‌سێك ویستوویه‌تی بیهێنێته ناو هه‌رێمی كوردستان.
به گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه، كه ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه، 30 تشرینی دووه‌م/ نۆڤه‌مبه‌ری 2020 بڵاوكراوه‌ته‌وه، تۆمه‌تبارێك به‌ناوی (م. ر. ع.) ویستوویه‌تی له خاڵی سنووری حاجی ئۆمه‌ران، دوو كیلۆ مادده‌ی هۆشبه‌ر له جۆری تلیاك، بهێنێته ناو هه‌رێمی كوردستان، كه له‌ناو ئاسنێك داینابوو، ئاسنه‌كه‌شی له‌نێو بارێك میوه حه‌شارداوه.
وه‌ك ئاماژه‌ی بۆ كراوه، ئێستا ئه‌و تۆمه‌تباره به گوێره‌ی مادده‌ی 14 له یاسای نه‌هێشتنی مادده هۆشه‌به‌ره‌كان ده‌ستبه‌سه‌ره و لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت.